تەلار لەتیف: دەبێت لە داهاتوودا سەرۆكی هەرێمی كوردستان یاخود سەرۆكی حكومەت بۆ یەكێتی بێت

تەلار لەتیف، لێپرسراوی ناوەندی یاسایی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. فۆتۆ: كەناڵ8

لێپرسراوی ناوەندی یاسایی یەكێتی دەڵێت، لە داهاتوودا پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان یاخود سەرۆكی حكومەت و چەند پۆستێكی دیكەی باڵایان دەوێت، گوتیشی "بەدڵنیاییەوە كورسی زۆر دەهێنن لە هەڵبژاردن و ئەوەش ترسی لەلای لایەنێكی سیاسی دروستكردووە".

تەلار لەتیف، لێپرسراوی ناوەندی یاسایی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەرنامەی تارگێت كە لە كەناڵ8 پێشكەش دەكرێت گوتی، "وەرگرتنی سكاڵاكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان یاسایی نەبوو، دەبوایە هەر لەسەرەتاوە رەتبكرێتەوە".

لەبارەی بڕیاری گەڕاندنەوەی پێنج كورسی بۆ كۆتاكان ئاماژەی بەوەكرد، تانە لە بڕیاری گەڕاندنەوەی پێنج كورسی بۆ كۆتاكان دەدەن، چونكە لە دەسەڵاتی ئەو دەستەیە نییە كورسی كۆتاكان بگەڕێنێتەوە هەروەها هەڵەبجە بێبەشكراوە لە كورسی بۆ كۆتاكان.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەرێمی كوردستان كراوە بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، بەڵام هیچ كورسییەكی كۆتاكانی بۆ دانەنراوە، پێشیوایە كە "دەستوەردانی سیاسی بووە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان".

لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان تەلار لەتیف باسی لەوەكرد، "بەدڵنیاییەوە وەكو یەكێتی كورسی زۆر دەهێنین لە هەڵبژاردن، ئەوەش ترسی لەلای لایەنێكی سیاسی دروستكردووە، هەروەها لە داهاتوودا سەرۆكی هەرێمی كوردستان یاخود سەرۆكی حكومەت و چەند دەسەڵاتێكی دیكە، دەبێت بۆ یەكێتی بێت".