محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بڕی پێنج تريلیۆن دیناریان بۆ شایستە داراییەکانی جوتیاران تەرخانکردووە.
نووسینگەی راگەیاندنی سودانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەمیانی سەردانەکەی بۆ پارێزگای نەجەف سەرۆکوەزیران گوتویەتی، "ئاماژەکانی وەرزی کشتوکاڵ و کۆکردنەوەی بەرهەمی ئەمساڵ، رووە و ئەوەن بەرهەمی دانەوێڵە زیادیکردبێت، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەت بڕی پێنج تریلیۆن دیناری تەرخانکردووە، بۆ شایستە داراییەکانی جوتیاران.
سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیکردووەتەوە، عێراق بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی خۆژیاندن دەڕوات لە رووی بەرهەمی دانەوێڵەوە، بەتایبەت گەنم.
پێشتر، هیوا عەلی گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـی رایگەیاند، "بەرهەمهێنانى گەنمى جووتیارانى ئەمساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن دەبێت".
هاوكات، جەمال کۆچەر، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئەوەی بە كەناڵ8 گوتبوو، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەتەوە و بەڵێنی ئەوەی داوە، زۆربەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگرن.