لە تورکیا 27 خۆپیشاندەری دیکە بەندکران

پۆلیسێکی تورکیا فۆتۆ: AP
پۆلیسێکی تورکیا فۆتۆ: AP

لێکۆڵینەوە لەبارەی دۆسییەی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی رۆژی کرێکاران لە شاری ئیستانبوڵ بەردەوامە و چەند کەسێکی دیکە بەندکران.

میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەو 27 کەسەی سێ رۆژ پێش ئێستا لە سێیەم هەڵمەتی هێزە ئەمنییەکانی ئیستانبوڵ دەستگیرکران و تۆمەتبارن بە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی رۆژی جیهانیی کرێکاران لە ئیستانبوڵ و هێرشکردنەسەر هێزە ئەمنییەکان، ئەمڕۆ برانە بەردەم دادوەر.

روونیشكراوەتەوە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، بڕیاردرا سەرجەم دەستگیرکراوەکان بەندبکرێن.

پێشتر و لە دوو هەڵمەتی گەورەدا، دەیان کەس بە تۆمەتی هێرشکردنەسەر هێزە ئەمنییەکانی ئیستانبوڵ دەستگیرکران و بەگوێرەی بڕیاری دادوەر 49 کەسیان بەندکران.

یەکی ئایاری ئەمساڵ، سەرەڕای قەدەغەکردنی هەر جۆرە گردبوونەوە و خۆپیشاندانێک لە گۆڕەپانی تەقسیم بەبۆنەی یەکی ئایار، ژمارەیەکی زۆر کرێکار و چالاکوان هەوڵیاندا بگەنە گۆڕەپانەکە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگرییان لێکرا و بەهۆیە توندوتیژی سەریهەڵدا و دەیان کەس دەستگیرکران.