دادگای دادی نێودەوڵەتی بە فەرمانێک ئیسرائیل پابەند دەکات هێرش بۆسەر رەفەح نەکات

بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەح بەردەوامە. فۆتۆ: AFP

دادگای دادی نێودەوڵەتی لەکۆبوونەوەی خۆیدا لەبارەی داوای ئەفریقای باشوور لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە کۆبووەوە و فەرمانیکرد، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆسەر شاری رەفەح لە باشووری ‌غەززە رابگرێت.

رۆژی هەینی 24ـی ئایاری 2024، سەرۆکی دادگای دادی نێودەوڵەتی فەرمانیکرد، ئیسرائیل هێرش نەکاتەسەر رەفەح، چونکە وا دەکات نەهامەتیی خەڵکی غەززە زیاتر بێت.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی دادگاکە لەبارەی بارمتەکانەوە فەرمانی بە بزووتنەوەی حەماسیش کرد کە پێویستە دەستبەجێ و بێمەرج دیلەکان ئازاد بکات.

سەرۆکی دادگاکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان هێشتا رازینین لەو هەنگاوانەی ئیسرائیل ناونی بۆ کەمکردنەوەی نەهامەتیی فەڵەستینییەکان

دادگای دادی نێودەوڵەتی دەشڵێت، "ئیسرائیل دەبێت لەماوەی مانگێکدا راپۆرتێک سەبارەت بەو رێوشوێنانەی کە گرتوویەتیەبەر پێشکەشی دادگا بکات".

دادگاکە ئەوەشی ئاشکراکرد، "پێویستە ئیسرائیل رێگە بدات بە لێکۆڵەرەکانیان بچنە غەززە بێ ئەوەی رێگرییان لێبکرێت".