داهاتی ئەپڵیکەیشنی مۆبایلی چات جی پی تی گەورەترین بەرزبوونەوەی بەخۆیەوەبینی

لەدوای خستەنەبازاڕی مۆدێلی جی پی تی فۆر ئۆو، خواستی تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد گەرمتربووە، بە جۆرێک داهاتی  پشکەکانی ئەپی مۆبایلی چات جی پی تی گەورەترین بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینییەوە.

 مۆدێلی جی پی تی فۆر ئۆو، لە 13ـى ئەم مانگەدا بڵاوکرایەوە و دەتوانێت مامەڵە  لەگەڵ دەقی نووسین و دەنگ و ڤیدۆدا بکات و ئەمەش وایکردووە، مۆدێلیکی زۆر بەهێزتر بێت لە مۆدێلی پێش خۆی.

بەهێزکردنی مۆدێلەکە وایکردووە خواست لەسەر بەشداریکردنی ئەپی مۆبایلەکان زیادبکات و ئەمەش بۆتە هۆی  گەوەرەترین بەرزبونەوەی داهاتی کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای کە تاوەکو ئێستا لەسەر ئامێرەکانی مۆبایل بەدەستیهێنابێت.

کۆمپانیاکە ئەوەی بۆ دەرکەوتووە کە ئەپی مۆبایلی چات جی پی تی، لە رۆژانی 13 تاوەکو 17ی ئایار, چوار ملیۆن و 200 هەزار دۆلار داهاتی لە هەردوو کۆمپانیای ئەپ ستۆر و گووگڵ پلەی بەدەستهێناوە، ئەمەش گەورەترین بەرزبوونەوەی داهاتە کە ئەپەکە تاوەکو ئێستا بینیویەتی.

هەرچەندە ئۆپن ئەی ئای ئاماژەی بەوەکردبوو کە مۆدێلە نوێیەکەی بەبێ بەرامبەری بۆ بەکارهێنەران بەردەست دەبێت، بەڵام بەکارهێنەرانی ئەپەکە لە مۆبایلدا پێوستە بەشداریی مانگانەیان بکەن و بڕی 19.9 دۆلار بدەنە کۆمپنایەکە.