پوتن مەرجى هەیە بۆ کۆتایی هێنان بەجەنگ لە ئۆکرانیا

ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئامادەیە بە مەرج کۆتایی بە جەنگ لە ئۆکرانیا بهێنێت.
دوای پێشڕەویکردنی هێزەکانی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئامادەیە دوای دانوستان لەسەر ئاگربەست و بەمەرجی قبوڵکردنی هێڵەکانی ئێستای بەرەکانی شەڕ، کۆتایی بە جەنگ لە ئۆکرانیا بهێنێت.
هاوکات، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین جەختی لەوە کردەوە، پوتن چەندین جار رایگەیاندووە کە رووسیا ئامادەیە بۆ دانوستانی بنیاتنەر و نایەوێت بەشداری لە "جەنگی هەمیشەیی"دا بکات، بەڵام وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئۆکرانیا، تاوەکو ئێستا وەڵامی ئەم پرسەیان نەداوەتەوە.
ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز بڵاویکردۆتەوە، ئەگەر ئۆکرانیا یاخود رۆژئاوا وەڵامی ئەو پێشنیازە نەداتەوە، پوتین درێژە بە شەڕەکە دەدات.
سێ سەرچاوەی نزیک لە کرێملین ڕایانگەیاندووە، پوتن بێزاری خۆی دەربڕیوە لە هەوڵەکانی رۆژئاوا بۆ رێگری لە بەردەوامیدان بە دانوستان و بڕیارەکەی ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ دژایەتی ئەو دانوستانانە.
سەرچاوەیەکی باڵای رووسیاش رایگەیاندووە، دەستنیشانکردنی ئاندرێ بیلوسۆڤی، وەکو وەزیری بەرگریی نوێی رووسیا، نیشانەی ئامادەیی مۆسکۆیە بۆ شەڕێکی درێژخایەن.