وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ وەرزی هاوین شانەیەکی قەیرانی پێکهێنا

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، تا کۆتاییهاتنی وەرزی هاوین و گەرما، شانەیەکی کتوپڕی قەیران پێکدەهێنێت و بەردەوام لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبێت.
وەزارەتی کارەبای عێراق، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبا لەگەڵ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەران و یاریدەدەرانی لق و بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبای بەغداد، کۆبووەتەوە و گفتوگۆ کراوە دەربارەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاوڵاتیان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا بەهۆی هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و پێویستی هاوڵاتیان بە وزەی کارەبای زیاتر، بڕیاردرا بە پێکهێنانی شانەیەکی قەیران، بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی کارەبا، تا کۆتاییهاتنی وەرزی گەرما.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، بڕیاردراوە شانەی قەیران وەڵامی دەستوبردنی سکاڵا و داوای هاوڵاتیان بدەنەوە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی پچڕان و لەکارکەوتنی فیدەرەکانی کارەبا.
هاوکات بڕیاردرا بە دابینکردنی هەموو کەلوپەلێکی یەدەگ و پێویست بۆ بنکەکانی سیانەی کارەبا و نابێت بارگرانی بخرێتە سەر هاوڵاتیان لەکاتی چارەسەرکردنی کێشەکانی پچڕانی کارەبا، جگە لەوەش پێویستە 24 کاتژمێر کارمەندی ئێشکگری پێویست لە سەرجەم بنکەکانی کارەبا و سیانەکان هەبێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پچڕانی کارەبا.
ماوەی چەندین ساڵە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما، کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی کەمدەبێتەوە و ئەوەش ناڕەزاییەکی فراوانی لای هاوڵاتیانی عێراق دروستکردووە.