وەزارەتی نەوتی عێراق: قەیرانی بەنزین چارەسەرکرا

کۆمپانیای بەرهەمەنەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، قەیرانی کەمیی بەنزین بەهۆی نۆژەنکردنەوە و دواکەوتنی بارهەڵگرەکان چارەسەرکراوە و بڕی پێویست بەنزین ئێستا بەردەستە.
حسێن تاڵب، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەکان، بە ئەژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی پاڵاوگەی کەربەلا کۆتاییهاتووە دوای ئەوەی ماوەی 20 رۆژە کارکردن تێیدا راگیراوە.
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە عێراقییە، لەکاتێکدا ئەم پاڵاوگەیە نۆژەنکراوەتەوە بارهەڵگرەکان بەنزینی هاوردەیان هێناوەتە وڵاتەوە و بەهۆی تێکچوونی کەشوهەوا دواکەوتوون، بەڵام گەشتوونەتە بەندەرەکان و ئێستا سەرقاڵی گواستنەوەی بەنزینەکەن.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەکان راشیگەیاندووە، پاڵاوگەی بێجی کەوتووەتەکار و بەشداردەبێت لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەى بەنزین.
لەبارەی کاتی گەڕانەوەی پرۆسەکە بۆ دۆخى سروشتیی خۆی، حسێن تاڵیب رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و بڕی پێویست بەنزین بەردەست دەبێت.