تۆمارکردنی ناوی بەربژێرانى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتی ئێران دەستپێدەکات

test
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەكاتی دەنگدان. فۆتۆ: AP

بڕیارە رۆژی 28ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری ئێران بەڕێوەبچێت و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ئێران رایگەیاند، پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە دەست بە تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانە دەکرێت، کە دەیانەوێت خۆیان بەربژێر بکەن بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی خولی 14یەمی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئێران.

بەهۆی گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی لە 19ـی ئایاردا، هەڵبژاردنی خولی 14یەمی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران ساڵێک زووتر لە وادەی خۆی بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی ماددەکانی 131 و 132 ی دەستووری ئێران، لە کاتی گیانلدەستدان یاخود لابردن یان دەستلەکارکێشانەوە یاخود دیارنەمانی بۆ ماوەی دوو مانگ بەهۆی نەخۆشییەوە، دەسەڵاتەکانی سەرۆككۆمار رادەستی جێگری یەکەمی دەکرێت.

جێگری یەکەمی سەرۆککۆماریش دەبێت لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئەنجوومەنێک پێکبهێنن و ئەرکیان ئەوە دەبێت لە ماوەی 50 رۆژدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆمار بەڕێوەببەن.

بەگوێرەی ماددەی 131ـی دەستوور، لەو کاتەدا، کە جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار دەسەڵاتەکانی رادەستکراوە، نابێت وەزیرەکان لەکارەکانیان لاببرێن یاخود دەنگی متمانەیان پێبدرێت یان بۆ پیاداچوونەوە بە دەستووردا راپرسی بەڕێوەبچێت.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ئێران راگەیاندووە، لە ئەگەری رەزامەندبوونی ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوور، دەیانەوێت لەشاری تاران و چەند گەورە شارێکی دیکەدا هەڵبژاردن بەشێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەببەن.