حكومەتى هەرێمی كوردستان بۆ وەرزى دروێنە رێنمایی ئاڕاستەى جوتیاران و خاوەن دەڕاسەکان دەکات

دیمەنى دروێنەى گەنم.

فەرمانگەى میدیا و زانیاریى حکومەتى هەرێمى کوردستان، چەند رێنماییەک ئاڕاستەى خاوەن دەڕاسەکان دەکات و دەڵێت، پێویستە ئامێرى ئاگر کوژێنەوەیان پێبێت و بەهەمیشەیی تانکەرێک ئاویان لەگەڵدابێـت.

لە راگەیەندراوەکەى فەرمانگەى میدیا و زانیاریى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا هاتووە، پێوستە خاوەن دەراسەکان ئامێرى ئاگرکوژێنەوەى شەش کیلۆگرامییان پێبێت، نابێت کارى لەحیمکردن لەناو کێڵگەکان ئەنجامبدەن و هۆشیاربن لە بوونى هێڵى کارەبا لەناو کێڵگەکان.

هەر بەگوێرەى رێنمایەکان، داواکراوە جوتیاران هەوڵبدەن رێگاى ناو کێڵگەکان چاکبکەن بۆ ئاسانگەیشتنى تیمەکانى بەرگریى شارستانى.

ئەوەشهاتووە، پێویستە هەمیشە دەڕاسەکان تانکەرێک ئاویان لەگەڵدابێت، بە بەردەوامى ترومپاى ئاوى لەسەربێت، شۆفێرى دەڕاسەکان خۆیان بەدووربگرن لە جگەرەکێشان لەکاتى ئاگرکەوتنەوە پەیوەندیى بە ژمارەکانى بەرگریى شارستانى بکەن.

لەهەرێمى کوردستان وەرزى دروێنە دەستىپێکردووە و رۆژى 24ـی ئەم مانگەش بەهۆى ئاگرکەوتنەوە لەناوچەى بەرانەتى هەولێر 300 دۆنم زەوى چێندراو بە دەغڵودان سوتان.