وەزارەتى کشتوکاڵ بۆ سودانى: جیاکاری لە وەرگرتنی گەنمدا دەکرێت

test

وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، نامەیەک ئاڕاستەی سودانی کردووە و داوادەکات، هاوشێوەی جوتیارانی ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵە لەگەڵ جوتیارانی هەرێمی کوردستان بکرێت و جیاکاری نەکرێت.

هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەکەناڵ8ی گوت، "وەزیری کشتوکاڵ لە هەوڵەکانی بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و چاوەڕوانی وەڵامی بەغداد دەکەین لەو بارەیەوە".

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار بەکەناڵ8ی راگەیاند، "لەماوەی رابردوودا شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی بەغدادی کردووە، بەڵام لەو سەردانەدا هیچ رێککەوتنێک لەسەر پرسی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران نەکراوە، بەغداد هەوڵدەدات هاوشێوەی ساڵی رابردوو مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات، ئەمەش بەتوندی لایەن وەزیری کشتوکاڵەوە رەتکراوەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "بەغداد دەیەوێت 500 – 600 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، لەکاتێکدا پێشبینیدەکرێت بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن تۆن دەبێت، لانیکەم پێویستە بەغداد ملیۆنێک بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنمی جوتیاران وەربگیرێت".

باسیلەوەشکرد، "شاندەکەی هەرێمی کوردستان هیچ رێککەوتنێکی لەبەغداد واژۆنەکردووە و ئامادەنەبووە ئەو ستەمە بەرامبەر بە جوتیارانی هەرێمی کوردستان قبووڵ بکات".

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "بەفەرمی وەزارەتی کشتوکاڵ نامەیەکی لەبارەى کێشەکانی بەردەم کشتوکاڵ و گەنمی جوتیاران ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی کردووە، نامەکە گەیشتووەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و چاوەڕواندەکرێت لەم هەفتەیەدا بەفەرمی وەڵامی وەزارەتی کشتوکاڵ بدرێتەوە".

کەناڵ8 ئەوەشی زانیووە، "ئەگەر وەڵامەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەرێنی نەبێت و وەڵامی خواستەکانی هەرێمی کوردستان نەدرێتەوە ئەوا پێدەچێت بۆ دوایینجار وەزیری کشتوکاڵ یان تیمی تەکنیکی وەزارەت سەردانی بەغداد بکاتەوە".

loading....