کیسی ئاوی، نەخۆشییەکە کە بەهۆی جۆرێک مشەخۆر دروستدەبێت بەناوی "ئیکینۆکۆکەس گرانیولۆسەس". ئەم نەخۆشییە ئەگەر بەباشی چارەسەرنەکرێت، دەکرێت مەترسی بخاتە سەر ژیانی کەسی تووشبوو. بەگوێرەی گوتەی پسپۆڕان، ئێستا رێژەی نەخۆشیی کیسی ئاوی لە کوردستان زیادیکردووە.
دوابەدوای بەدواداچوونەکانی کەناڵ8 بۆ ئەم نەخۆشییە و هۆکارەکانی زیادبوونی لە هەرێمی کوردستان، دوو پسپۆڕی بوارەکە روونکردنەوە دەدەن
د.زانا موستەفا پسپۆڕی مشەخۆرزانی بە کەناڵ8ی راگەیاند کە: ئەم مشەخۆرە کرمە و پێی دەگوترێت کرمی شریتیی سەگ. لە رێگەی سەگەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ تووشی نەخۆشیی کیسی ئاوییان دەکات.
سەبارەت بە مەترسیی تووشبوونی ئاژەڵە ماڵیەکانیش گوتی: ئاژەڵە ماڵییەکانی وەک سەگ و پشیلە، کە خواردنی خۆیانیان پێدەدرێت، مەترسیی تووشبوونیان نییە؛ بە تایبەت کە دەرمانی دژەکرمیان پێبدرێت؛ بەڵام ئەو ئاژەڵانەی لە کێڵگە پەلەوەرییەکاندا بەخێودەکرێن، مەترسیی تووشبوونیان لەسەرە.
هەر لە درێژەی گفتوگۆکەدا سەبارەت بە زۆریی ژمارەی حاڵەتەکانی نەخۆشییەکە لە هەرێمی کوردستان، د. زانا گوتی: کەشوهەوا و و ژینگەی ناوچەکە لەبارە بۆ گەشەکردنی هێلکەی کرمەکە، هەروەها سەربڕینی ئاژەڵەکان لە دەرەوەی کوشتارگە رێپێدراوەکان هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە.
هەر پەیوەست بەم باسەوە، د. تاهیر هەورامی، پزیشکی نەشتەرگەریی گشتی قسەی بۆ کەناڵ8 کرد و گووتی:هاتنی سەوزەکان لە باشوری عێراق و زۆربوونی سەگی بێلانە، دەکرێت لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی رێژەی نەخۆشییەکە بن لە کوردستان.
پزیشکەکەی نەشتەرگەریی گشتی لەڕێگەی کەناڵ8ەوە رێنمایی دایە بەخێوکەران و فرۆشیارانی ئاژەڵ و گۆشت کە لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشت و ئاژەڵەکاندا، هەوڵبدەن دەستکێش و جلوبەرگەری پارێزەر بەکاربهێنن.
سەبارەت بە گواستنەوەی نەخۆشییەکە لەڕێگەی سەوزەوە ئاماژەی بەوەدا: دەکرێت هێلکەی کرمەکە لەڕێگەی ئاژەڵ یان پیسایی ئاژەڵەوە بگوازرێتەوە بۆ سەوزە، دوای خواردنی سەوزەکە لە لایەن مرۆڤەوە، تووشی نەخۆشییکەی بکات، بۆیە پێویستە زەوییە کوشتوکاڵیەکان تەلبەندبکرێن و رێگە لەوە بگیرێت کە ئاژەڵی بێلانە بچێتە ناویان.
"هەروەها گرنگە هاونیشتمانییان گرنگی بدەن بە شۆردنەوەی سەوزە"
سەبارەت بە نیشانەکانی نەخۆشیی کیسی ئاو پ.د. تاهیر هەورامی گوتی: بەگوێرەی شوێنی کیسەکە و چارەخوازەکە نیشانەکان و کاتی دەرکەوتنیان دەگۆڕێن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی نیشانەکان تاوەکو ئەوکاتەی قەبارەی کیسەکە گەورەدەبێت، دەرناکەون.
سەبارەت بە مەترسییەکانی کیسەکە، پزیشکەکەی نەشتەرگەریی باسی لەوە کرد کە لە حاڵەتی تەقینی کیسی ئاویدا، دەکرێت نەخۆشییەکە بەناو ئەو ئەندامەدا بڵاوببێتەوە کە تووشی کیسەکە بووە و ببێتەهۆی دروستبوونی چەندین کیسی دیکەی هاوشێوەی کە چارەسەریان نزیکدەبێت لە ئەستەمەوە.