کەمیی ڤیتامین B12 چی لە جەستە دەکات؟

بە گشتی ڤیتامینەکان ئەرکی گرنگیان لە جەستەدا هەیە و کەمیی هەریەکێکیان دەکرێت ماکی جیاوازی هەبێت، کەمیی ڤیتامین B12ـیش بە هەمانجۆر زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت
ڤیتامین B12 ئەرکی چییە لە جەستەدا؟
ڤیتامین B12 یەکێکە لە ڤیتامینە گرنگەکان کە رۆڵی هەیە لە دروستکردنی بڕی پێویست لە خڕۆکەی سووری خوێنی تەندروست.
گۆشت، بەرهەمە شیرەمەنییەکان و هەندێک جۆری کەڕوو کە لە بەرهەمهێنانی شەرابدا بەکاردەهێنرێن دەوڵەمەندن بەم ڤیتامینە.
کەمیی ئەم ڤیتامینە لە جەستەدا، دەبێتەهۆی کەمیی خڕۆکە سوورەکان و کەمخوێنی.
هۆکارەکانی کەمیی ڤیتامین B12چیین؟
- کەمیی پڕۆتینێکی ناوەکی کە لە ناوپۆشی گەدەدا دەردەدرێت و بەرپرسە لە هەڵگرتن و بردنی ڤیتامینەکە بۆ ریخۆڵە بۆئەوەی لەوێ هەڵبمژرێت.
هەندێک حاڵەتی وەکو تەنکبوونی ناوپۆشی گەدە هۆکارن بۆ کەمیی ئەم پڕۆتینە.
کەمی ئەم پڕۆتینە دەبێتەهۆی کەمیی ڤیتامین B12 و تووشبوون بە کەمخوێنی. - ئەو کەسانەی کە نەشتەرگەریی بڕینی گەدە ئەنجامدەدەن، دەکرێت تووشیی کەمی ڤیتامین B12 ببن.
- هەندێک کەس بەهۆی چەند نەخۆشییەکی وەکو نەخۆشیی شەکرە و چەند نەخۆشییەکی دیکەوە، لە بەشی سەرەوەی ریخۆڵەیاندا بەکتریا زۆر زیاددەکات و بەکتریاکان ڤیتامین B12ـەکان دەبەن و بۆخۆیان بەکاریدەهێنن، لە ئەنجامدا ڤیتامینەکە نامێنێتەوە بۆئەوەی جەستە هەڵیبمژێت و کەسەکە تووشیی کەمی ڤیتامین B12 دەبێت
- هەندێک کەس بەهۆی ئەوەی رووەکخۆرن و گۆشت ناخۆن، بڕی پێویست لە ڤیتامینەکە وەرناگرن و دەکرێت تووشیی کەمیی ڤیتامین B12 ببن(ئەم حاڵەتە زۆر دەگمەنە چونکە جگەر دەتوانێت ڤیتامین B12 بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵبگرێت)
نیشانەکانی کەمیی ڤیتامین B12:
لەوانەیە نیشانەکان لەسەرەتادا زۆر هێواشبن و نەزانرێت کە هۆکارەکەی کەمیی ڤیتامین B12ـە بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا نیشانەکان تایبەتمەندتردەبن وەکو:
- بێهێزی
- سەرسووڕان
- هەستکردن بە ترپەی دڵ و خێرالێدانی دڵ
- هەناسەکورتی
- لووسبوون و سووربوونەوەی زمان
- دڵتێکەڵهاتن
- کەمیی ئارەزووی خواردن
- دابەزینی کێشی بێ پلان
- سکچوون
- زەردهەڵگەڕانی پێست و چاو
ئەگەر ماوەی کەمیی ڤیتامین B12 درێژە بخایەنێت، ئەوا حاڵەتەکە دەبێتەهۆی زیانگەیشتن بە دەمارەخانەکان بە شێوەیەکی هەتاهەتایی کە ئەویش نیشانەی دیکە دروستدەکات وەکو:
- سڕبوون و مێروولەکردنی دەست و قاچەکان
- ئاستەنگ لەکاتی رۆشتندا
- بێهێزی ماسوولکەکان
- زووهەڵچوون
- لەدەستدانی یادگە
- بییرچوونەوە
- خەمۆکی
- تێکچوونی هۆشداری
شێوازەکانی خۆپارێزی:
ئەو کەسانەی کە رووەکخۆرن، بۆ خۆپاراستن لەم حاڵەتە، دەتوانن تەواوکەرە خۆراکییەکانی ڤیتامین B12 وەربگرن.
ئەو کەسانەشی بەهۆکارەکانی دیکە تووشی کەمیی ڤیتامین B12 دەبن، هیچ رێگەیەکی خۆپاراستیان نییە بۆ حاڵەتەکە، بەڵام کاتێک حاڵەتەکەیان دەستنیشان دەکرێت، لە رێگەی چارەسەرەکانەوە چارەسەری نیشانەکانی چارەخوازەکە بکرێت.
چارەسەرەکان:
ئەو کەسانەی کە گرفتیان لە هەڵمژینی ڤیتامین B12ـەوەیە لەلایەن ریخۆڵەیانەوە، پێویستە ماوەماوە لە رێگەی دەرزییەوە، ڤیتامین B12 وەربگرن.
لەو کەسانەی کە بەهۆی کەمیی ڤیتامین B12ـەوە نیشانەی توندیان بۆ دروستبووە، سەرەتا لە هەفتەی سەرەتادا لەوانەیە 5-7 دەرزی وەربگرن، تاوەکو کۆگای هەڵگرتنی ئەم ڤیتامینە لە جەستەدا پڕدەبێت، پاشان چارەخوازەکە لەوانەیە تەنیا مانگێک بۆ سێ مانگ جارێک پێویستی بە دەرزییەکە هەبێت بۆئەوەی رێگری بکرێت لە دەرکەوتنەوەی نیشانەکان.
ئەو کەسانەی گرفتی هەڵمژینی ڤیتامین B12ـیان هەیە، پێویستە ژەمەکانیان دەوڵەمەندبن بە بەهاخۆراکییەکانی دیکەی وەکو ڤیتامین سی، ئاسن و فۆلیک ئەسید، چونکە ئەوانیش گرنگن بۆ دروستکردنی خانەی خوێنی تەندروست.
لەو کەسانەی کە هۆکاری کەمیی ڤیتامین B12 تیایاندا، زیادبوونی بەکتریایە لە ریخۆڵەیاندا، پێویستیان بە دەرمانی دژەبەکتریایە وەکو تێتراسایکلین، کە وادەکات زیادبوونی بەکتریاکان بووەستێت و هەڵمژینی ڤیتامین B12 ئاسایی ببێتەوە.
چارەسەری کەمیی ڤیتامین B12 لەو کەسانەی کە بەهۆی رێجیمەوە تووشبوون ئاسانترینە، بەجۆرێک کە دەتوانن تەنیا لە رێگەی وەرگرتنی تەواوکەری خۆراکی ڤیتامین B12ـەوە گرفتەکەیان چارەسەربکەن.
لەو کەسانەی بەهۆی کەمیی ڤیتامین B12ـەوە تووشیی کەمخوێنییەکی توندبوون، لەوانەیە پێویستیان بە وەرگرتنی خوێن بێت تاوەکو دەستدەکەن بە بەکارهێنانی دەرزیی ڤیتامین B12.