وەزارەتی تەندروستی: ئەو بەرهەمانەی بۆ زیادکردنی ئارەزووی سێکسیی پیاوان بەکاردەهێنرێن مەترسیدارن

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەو بەرهەمانەی بۆ زیادکردنی ئارەزووی سێکسیی پیاوان بەکاردەهێنرێن و ریکلامیان بۆ دەکرێت مەترسیدارن و دەبنە هۆی چەند نەخۆشییەکی مەترسیدار.

کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە  تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دووکانەکانی فرۆشتنی بەناو گیادەرمان، بە بانگەشەی هەڵە و نازانستی، کۆمەڵێک بەرهەمی رێگەپێنەدراو بەناوی بەرهەمی سروشتی و گیاییەوە بۆ زیادکردنی ئارەزووی سێکسی و گەورەکردنی چووک دەفرۆشرێن، لەکاتێکدا ئەو بەرهەمانە پڕن لە ماددەی شاراوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەپێی راپۆرتی هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی تاقیگەیی دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA)، ئەو بەرهەمانە مەترسیدارن، چونکە ماددە و دەرمانی شاراوەی وەک 'سێڵدینافیل، تادالافیل، ڤێردینافیل، ئاڤانافیل و نۆرتادالافیل'ـیان بە بڕێکی زۆر تێدایە، کە بەکارهێنانیان مەترسیی گەورە لەسەر کۆئەندامی سوڕان، دڵ، جگەر و گورچیلەکان دروستدەکات و رەنگە مردنی کتوپڕی لێبکەوێتەوە.

کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان دەڵێت: پێویستە هاونیشتمانییان ئاگاداربن کە ئەو بەرهەمە ساختانە رەنگە لە رێگای کەناڵە جیاوازەکانەوە بۆ فرۆشتن پێشکەشبکرێن، لەوانە؛ ئینتەرنێت، بازاڕە گەورەکانی ئۆنلاین، سۆشیال میدیا، ئیمێڵ، پۆست، ساڵۆن، دەرمانخانە، دووکانی گیادەرمانی، بەهاراتفرۆشەکان، کۆگای خۆراک.

داواشدەکات کە هاونیستمانییان "بەرهەمی دەرمانسازی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی لەڕێی راوێژی پزیشکی پسپۆڕ وەربگرن و دەرمانیش دوای راوێژی دەرمانساز لە دەرمانخانەکان بیکڕن، تەنها ئەو دەرمانانە بەکاربهێنن کە ستیکەری کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان – وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە".