رۆژنامەنووس ژینا مودەڕس گورجی لە سنە بە 21 ساڵ زیندانیکردن سزا درا

لە رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژنامەنووس ژینا مودەڕس گورجی 21 ساڵ و رۆژنامەنووس ئیرەج محەمەدزادە دوو ساڵ سزای زیندانیکردنیان بۆ دەرکرا.

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان بڵاویکردەوە، رۆژنامەنووس ژینا مودەڕس گورجی لەلایەن دادگای شۆڕش لە سنە بە تۆمەتەکانی "کارکردن لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی، دروستکردنی رێکخراوی نایاسایی، کارکردن لەگەڵ وڵاتانی دوژمن و پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" سزای 21 ساڵ زیندانیکردن و دوورخستنەوەی بۆ دەرکرا.

مودەڕس گورجی، کە هاوکات چالاکوانی بواری ژنانە و ئەندامی ئەنجوومەنی "ژیوانۆ"یە لە شاری سنە، لە 21ی ئەیلولی 2022Jدا لە کتێبخانەکەی خۆی بە ناوی "ژیرا" دەستگیرکرا.

لە دوای 40 رۆژ لێکۆڵینەوە گواسترایەوە بۆ بەشی ژنان لە گرتووخانەی سنە و لە 30ی تشرینی یەکەمدا بە کەفالەتی 100 ملیۆن تمەن، ئازاد کرا.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ژینا رۆژی 10ی نیسانی 2023 دەستگیرکرایەوە و دوای 84 رۆژ لە دەستبەسەربوونی لە ژووری تاکەکەسیدا و بۆ یەکلابوونەوەی دۆسیەکەی بە کەفالەتی پێنج ملیار تمەن، ئازادکرایەوە.

ژینا مودەڕس گورجی رۆژی 23ی ئایار بۆ تێپەڕاندنی ماوەی بەندییەکەی دەستگیرکرایەوە، کە 21 ساڵ زیندانیکردنە و بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگا، ئەو رۆژنامەنووسە بۆ ماوەی 10 ساڵ دووردەخرێتەوە بۆ بەندیخانەی هەمەدان.

پارێزەرەکانی ژینا رایانگەیاندووە، لە دادگای تێهەڵچوونەوە تانە لەو بڕیارەی دادگا دەدەن.

رۆژنامەنووس ئیرەج محەمەدزادە، رۆژنامەنووسی کورد و خەڵکی شاری جوانڕۆ و بەڕێوەبەری کەناڵی تلگرامی "تیتر غەرب" لەلایەن دادگای جوانڕۆوە بە تۆمەتەکانی "تێکدانی رایگشتی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە"، سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکرا.

ئەو رۆژنامەنووسە تەمەنی 45 ساڵە و خوێندکاری دکتۆرا، بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تارانە.