بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بۆ چوار ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد دەکرێت

سەرۆککۆماری کاتیى ئێران، بڕیاری زیادکردنی بەرهەمی نەوتی وڵاتەکەی لە 3.6 ملیۆن بۆ چوار ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا پەسەندکرد.
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووریی ئێران بە سەرۆکایەتی محەمەد موخبیر، سەرۆککۆماری کاتى، پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی وڵاتەکە لەلایەن کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێرانەوە تاوتوێکرا، تێیدا بڕیاردرا بە زیادکردنی بەرهەمی نەوت لە 3.6 ملیۆن بۆ چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە بەرپرسی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران، وەزیرانی وزە، ئابووری، کار و چاودێریی کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ، پیشەسازی، کانگا و بازرگانی، بەرپرسی بەرنامە و بودجە، پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەلایەن کۆمپانیای نیشتمانی ئێرانەوە و هەروەها پلانی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی بەرهەمە نەوتییەکان پێداچوونەوەی بۆ کرا، بڕیاری زیادکردنی بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا درا.
جەواد ئۆجی، وەزیری نەوتی ئێران لە کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "بە زیادکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، داهاتى نەوت دەگاتە حەوت ملیار دۆلار، ئێستا لەو سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلەی کە رۆژانە لە ئێران بەرهەمدەهێنرێت، یەک ملیۆن و500 هەزاری هەناردەی دەرەوە دەکرێت".
پێشتر رۆژنامەى فاینانشیاڵ تایمزى ئەمریکى ئاشکرایکردبوو، لە ساڵی 2023دا توانای کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران نزیکەی یەک لەسەر پێنج زیادیکردووە، هەروەها ژمارەی ئەو سوپەرتانکەرەکانی گواستنەوەى نەوتى ئێران، کە هەریەکەیان توانای دوو ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەیە، بەراورد بەساڵی 2021 دوو هێندە زیادیکردووە.
روونیشیكردووەتەوە، جگە لە نەوت، بەرهەمی گازی وڵاتەکەش زیادیکردووە، بەجۆرێک بەرهەمهێنانی گازی شل لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لە ئێران لە 3.2 ملیۆن مەترسێجا بۆ 6.5 ملیۆن مەتر سێجا بەرزبووەتەوە.