د. عیسا عەبدولرەحمان عیسا، دەرمانساز لە کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان
دامەزراوەی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا (FDA)، دەرمانێکی نوێی بە ناوی سۆتاتێرسێپت - sotatercept، لەژێر ناوی براندی "وینرێڤایر"، بە شێوەژەمی دەرمانسازیی دەرزی (ڤیاڵ)، بە هێزی 45 مگم، 60 مگم ، 90 مگم و 120 مگم، بۆ چارەسەرکردنی بەرزەفشاری سییەخوێنبەر (PAH) پەسەندکرد.
بەرزەفشاری سییەخوێنبەر، نەخۆشییەکی مەترسیداریی بۆریی خوێنە کە بەهۆی تەسکبوونەوەی پەیوەست بە دووبارە داڕشتنەوەی ناتەندروستی پێکهاتەی ناوەوەی سییەخوێنبەرەوە روودەدات، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ناهاوسەنگیی لە نێوان ئاماژەدانی لایەنگری و دژەزیادبوون بۆ رێکخستنی زیادبوونی خانەکانی خوێنبەرەکان.
ئاماژەدانی لایەنگریی زیادبوون لەلایەن پرۆتینی ئەکتیڤین و ئاماژەدانی دژەزیادبوون لەلایەن پرۆتینی بی "ئێم پی"ـەوە رێکدەخرێت، لەکاتی ئاساییدا هاوسەنگییەکی تۆکمە لەنێوان ئەم دوو پرۆتینەدا هەیە و ئەمەش خانەکانی بۆرییەکانی خوێن بە تەندروستی دەهێڵێتەوە، کاتێک ئەو هاوسەنگییە بەهۆی کەمبوونی کاریگەریی بی ئێم پی و زیادبوونی کاریگەریی ئەکتیڤینەوە روودەدات، خانەکانی ئیندۆسیلین بەنائاسایی و ناتەندروستی زیاددەکەن، سەرەنجام دەبێتەهۆی تەسکبوونەوەی ناوپۆشی بۆرییە خوێنەکە، سییەخوێنبەر وەکو نموونە.
لە زانستی پزیشکیی دەرمانسازیدا، پێشتر بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی بەرزەفشاری سییەخوێنبەر، تەنیا خاوکردنەوە و فراوانکردنی سییەخوێنبەر بە دەرمان وەکو رێگەچارەی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە بەئامانجدەگیرا، بەڵام دۆزینەوە و پەسەندکردنی دەرمانی سۆتاتێرسێپت، رێگەی چارسەری بنەڕەتیی هۆکاری نەخۆشییەکەی بەتەواوی گۆڕی.
نەخۆشیی بەرزەفشاری سییەخوێنبەر ئەگەر چارەسەرنەکرێت، دەبێتەهۆی زیادبوونی گوشار لەسەر لای راستی دڵ، بەمەش سستیی لای راستی دڵ و دوابەدوا سستیی هەموو دڵی لێدەکەوێتەوه.
میکانیزمی کارکردنی سۆتاتێرسێپت: دەرمانەکە وەرگری پرۆتینی ئاکتیڤین بلۆکدەکات، بەمەش ئاماژەدانی لایەنگریی زیادکردنی خانەکانی ئیندۆسیلین لەلایەن ئەکتیڤینەوە کەمدەبێتەوە و هاوسەنگییەکە لەگەڵ دژەزیادبوون دەگەڕێتەوە، بەوەش هۆکاری بنەڕەتیی نەخۆشیی دووبارە داڕشتنەوەی ناتەندروستیی پێکهاتەی ناوەوەی سییەخوێنبەر چارەسەردەبێت.
دەرزیی سۆتاتێرسێپت هەموو سێ هەفتە جارێک لەڕێگەی ژێرپێستەوە دەدرێت لە چارەخواز، ژەمی دەستپێکردنی دەرمانەکە، بەهۆی ئەوەی دەرمانەکە دەبێتەهۆی زیادکردنی هیمۆگڵۆبین و کەمکردنەوەی ژمارەی پەڕەکانی خوێن، دەبێت پێش و لەکاتی دەستپێکردنی دەرمانەکەدا پشکنینی تەواوەتیی خوێن ئەنجامبدرێت.