چێشتخانەی KFC لە بەغداد کرایەئامانج

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد رایگەیاند، بۆمبێک لە بەردەم چێشتخانەی KFC لە رۆژهەڵاتی بەغداد تەقیوەتەوە و زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد روونیکردەوە، دوو کەسی نەناسراو بە ماتۆڕسکیلێکەوە بۆمبێکیان فڕێداوەتە بەردەم دەرگای چێشتخانەیەک لە شەقامی فەڵەستین و بەهۆیەوە زیان بەر چێشتخانەکە کەوتووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دەستبەجێ دەروازەکانی دەرچوون بۆ ناوچەکە داخران و تیمێکی کاری هاوبەش لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی "باب ئەلشێخ" و "فەوجی شەشی فریاکەوتن" بە پاڵپشتی هەواڵگری پێکهێنراوە و بەرەو شوێنی رووداوەکە رۆیشتن.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد دەڵێت، "دوای تەماشاکردنەوەی کامێراکانی چاودێری و بەدواداچوون بۆ تاوانباران، ناسنامەیان ئاشکراکراوە و دەستگیرکراون، دەست بەسەر ماتۆڕسکیل و چەکەکانیاندا گیراوە و رادەستی بنکەی پۆلیس کراون بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان".