ئەمڕۆ یارییەکانی پاڵەوانییەتی کراوەی رۆلاند گارۆسی فەرەنسا دەستپێدەکات، کە یەکێکە لە دێرینترین و گەورەترین پاڵەوانییەتیە جیهانییەکانی تێنسی سەر زەوی.
وەشانی ژمارە 123ی رۆلاند گارۆس ئەمڕۆ بۆ پێنج ئاستی جیاواز بەڕێوەدەچێت و ئاشقانی تۆپی زەرد بەتامەزرۆییەوە چاوەڕێی رووبەڕووبونەوەی ئەستێرە دڵخوازەکانیان دەکەن، تێکڕای شایستە داراییەکانی پاڵەوانییەتیەکە لەمساڵدا زیاتر لە 53 ملیۆن یۆرۆ لەخۆدەگرێت و خاوەنی پلەی یەکەم دوو ملیۆن و 400 هەزار یۆرۆ وەردەگرێت.
نۆڤاک جۆکۆڤیچی سربی، هەڵگری دوایین ناسناوی پاڵەوانییەتیەکەیە، بەڵام ئەو یاریزانەی خاوەنی زۆرترین ناسناوە لەمێژووی رۆلاند گارۆس، رافایل نادالی ئیسپانیە، کە 14 جار جامەکەی بەرزکردووەتەوە.
کاتێک زۆر بەسەر دوایین یاریی رۆجێر فێدرێری سویسری تێنپەڕیوە، کاتێک لەساتی ماڵئاواییکردنی لەجیهانی تێنسی سەر زەوی، رافایل نادالی ئیسپانی هاوشانی هاوڕێ و رکابەرە مێژووییەکەی خەمباری بەتەواوی داگیری کردبوو.
ئەو رکابەرە مێژووییەی نێوان ئەو دوو ئەستێرەیە ساڵانێکی زۆر بەردەوامبوو، ئەو دوو یاریزانە بوونەتە نمونەیەکی باڵا بۆ تەواوی ئەستێرەکانی تێنس لەجیهاندا، کێبڕکێی رۆجەر و رافا هاوشێوەی ئەو رکابەرییەبوو کە لەنێوان لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەبوو لەتۆپی پێدا، ئەو رکابەرییەی لەسەر بنەمای رێز و خۆشەویستی نێوان دوو لە گەورەترین ئەفسانەکانی مێژووی ئەو وەرزشە سەرچاوەی گرتبوو.
فێدرێر ماڵئاواییکرد، بەڵام نادالی پاشای یاریگەی خۆڵەکان هێشتا نەگەیشتووەتە کۆتایی، کە رەنگە بۆ دوایین جار لەکاروانی وەرزشیدا پێیەکانی لەسەر یاریگە خۆڵەکانی رۆڵاند گارۆس دابنێت، ماتادۆر، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی پێکانە بەردەوامەکانەوە لەریزبەندی 276ی جیهاندایە و نزیکبووەتەوە لەتەمەنی 38 ساڵی، بەڵام هەمیشە پاڵێوراوی سەرەکیە بۆ بردنەوەی ناسناوەکە.