سەرۆكی دەستەی جێبەجێكاری سەرژمێریی گشتی لە عێراق رایگەیاند " ئەنجامدانى سەرژمێریى ئەزموونى لە عێراق و هەرێمى کوردستان دواخرا بۆ 31ى ئایارى 2024".
مەحمود عوسمان، سەرۆكی دەستەی جێبەجێكاری سەرژمێریی گشتی لە عێراق لەمیانەى بەشداریکردنى لە بۆڵتەنى هەواڵەکانى کاتژمێر 12ى کەناڵ8 ئاماژەى بەوە کرد "سەرژمێرى گشتى لە عێراق ئامادەکارییەکى زۆر زۆر باشى دەوێت و لەگەڵ ئەوەى بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکشەممە سەرژمێریى ئەزموونى ئەنجام بدرێت بەڵام بۆ رۆژى 31ى ئەم مانگە دواخرا".
گوتیشى "سەرژمێرییەکە لە رۆژى 20ى 11ى 2024 بە 120 هەزار کەس ئەنجامدەدرێت و لە هەرێمى کوردستان 15 تاوەکو 16 هەزار کارمەندمان دەوێت بۆ ئەنجامدانى".
سەرۆكی دەستەی جێبەجێكاری سەرژمێڕیی گشتی لە عێراق روونیکردەوە "37 ساڵە سەرژمێرى گشتى لە عێراق ئەنجامنەدراوە و بۆ ئەنجامدانى حکومەتى عێراق بودجەیەکى باشى بۆ دابینکردووە".
مەحمود عوسمان ئاماژەى بەوە کرد "لە پرۆسەکەدا سەرژمێرى بیناکانیش دەکرێت و تایبەتمەندیى بیناکان جیادەکرێتەوە".
جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە "سەرژمێرییەکە ناوى سەرژمێرى گەشەپێدانى لێنراوە و لە سەرژمێرییەکەدا بڕگەى نەتەوە لابراوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەستپێکردنى قۆناغی ئەزموونى سەرژمێری دانیشتووانی عێراقى راگەیاند کە سەرجەم شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
بەگوێرەى خشتەکانی بودجەی 2024، حکومەتی عێراق بڕی 300 ملیار دیناری بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان تەرخانکردووە، کە 38 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت.
بە گوێرەی وەزارەتەکە، پرۆسەی سەرژمێریەکە دوور دەبێت لە لایەنگری تائیفی و مەزهەبیەوە.
بەگوێرەى خەمڵاندنەکانی وەزارەتی پلاندانان، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2023ـدا گەیشتبووە 43 ملیۆن کەس، هاوکات بەغدادی پایتەخت بە قەرەباڵغترین شاری وڵاتەکە دادەنرێت لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە.
وەزارەتی پلاندانان پێشبینیدەکات تا ساڵی 2028 ژمارەی دانیشتووانی عێراق بگاتە 48 ملیۆن کەس.