رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ كە سەربە نەتەوەیەکگرتووەکانە رایگەیاند، "بەهۆی رۆچوونی زەوی لە پاپوا گینیای نوێ، زیاتر لە 670 کەس گیانیانلەدەستداوە.
رۆژی یەکشەممە 26ـی ئایاری 2024، سێرهان ئاکتۆپراک، سەرۆکی نوێنەرایەتیی دەزگای کۆچبەریی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان لە باشووری زەریای هێمن رایگەیاند، "بەگوێرەى زانیارییەکانى بەرپرسانی گوندی یامبالی و پارێزگای ئینگا، زیاتر لە 150 ماڵ بەهۆی رۆچوونی زەوییەکەی کەوتوونەتە ژێر خاکەوە".
ئاکتۆپراک بە میدیاکانی گوتووە، "مەزەندە دەکەن لە ئێستادا زیاتر لە 670 کەس لە ژێر خاکدابن".
بەرپرسانی ناوچەکە سەرەتا و رۆژی هەینی رایانگەیاندبوو، ژمارەی مردووەکان سەروو 100 کەسن، تاوەکو رۆژی یەکشەممە تەنیا پێنج تەرم و بەشێک لە ئەندامی جەستەی یەکێک لە قوربانییەکان دەرهێنرابووەوە.