حەماس بە مووشەك تەلئەڤیڤی بۆردوومانكرد

وێنەیەكی ئەرشیفیی هەڵدانی مووشەك لە كەرتی غەززەوە بەرەو ئیسرائیل. فۆتۆ: AP

كەتیبەكانی قەسام ژمارەیەك مووشەكی گرتە شاری تەلئەڤیڤ و كەناڵێكی ئیسرائیلیش بڵاویكردووەتەوە، مووشەكەكان لە شاری رەفەحەوە هەڵدراون.

كەتیبەكانی قەسام كە باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسە لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، "ژمارەیەك مووشەكی گەورەیان گرتووەتە شاری تەلئەڤیڤ، ئەوەش وەكو وەڵامدانەوەی كۆمەڵكوژییەكانی ئیسرائیلە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی".

هاوكات، میدیا جیهانییەكان ئاشكرایانكردووە، لە ناوچەكانی "دوت لە كفار سابا، هرتسلیا، رعنان لە باشووری تەلئەڤیڤ" زەنگەكانی ئاگاداركردنەوە كەوتوونەتە كار.

لای خۆشیەوە، كەناڵ 12ـی ئیسرائیل بڵاویكردووەتەوە، مووشەكەكان لە شاری رەفەح لە باشووری كەرتی غەززەوە هەڵدراون.

لەلایەكی دیكەوە سوپای ئیسرائیل بڵاویكردووەتەوە، لە كەرتی غەززەوە هەشت مووشەك نراون بە ئیسرائیلەوە، بەڵام لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە رێگرییان لێكراوە.

هەر لەبارەی مووشەكەكانەوە، رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوەكردووە، ژمارەیەكی زۆر مووشەك نراون بە تەلئەڤیڤەوە و لە 20 شاری دیكەی گەورەش، زەنگی ئاگاداركردنەوە كەوتوونەتەكار.