دانا عەبدولکەریم: حکومەت رەزامەندیی پیشانداوە داهاتی ناوخۆ بدات بە بەغداد

test
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە قسە بۆ رۆژنامەنووسان دەكات. فۆتۆ: كەناڵ8

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەكاتی دانانی بەردی بناغەی رێگای دوانزە ئیمام – قەرەبڵاخ گوتی، حکومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندیی پیشانداوە داهاتی ناوخۆ بدات بە بەغداد

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەردی بناغەی رێگای دوانزە ئیمام - قەرەبڵاخی بە درێژی 24 کیلۆمەتر دانا، كە گوندەکانی سەربە کفری دەبەستێتەوە بە شارۆچکەکەوە و لەكاتی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەكە لە گوتەیەكدا باسی لەوەكرد، پرۆژەکە ستراتیجییە و بە گوژمەی شەش ملیار و 300 ملیۆن دینار و لە ماوەی 400 رۆژدا جێبەجێدەکرێت.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا دوو پرۆژە لە شارۆچکەکە لەبوارى جێبەجێکردندایە و بەردەوامیشدەبن لە کارکردن بۆ کفرى.

لەبارەى پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغداد، ئەو وەزیرەى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، لەئێستادا هەماهەنگییەکی باش لەنیوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا هەیە، حکومەتی فیدراڵی داوای داهاتە ناوخۆییەکان دەکات و ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمیش رەزامەندی پیشانداوە کە بەگوێرەی دەستوور و ئەو رێککەوتنانەی پێشتر کراون، سەرجەم ئەو داهاتانە بدرێتەوە بە بەغداد.

ئەوەشی ئاشكراكرد، لەبەرامبەردا حکومەتی فیدراڵی بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی وەگەڕخستن دەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان.

بەگوتەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئەگەر ئەم رێککەوتنە جێبەجێبکرێت، چیدیکە هیچ پڕۆژەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راناوەستێت و سەرجەمیان وەگەڕدەخرێنەوە.

loading....