"کەلەپچەی زیو" لە کۆتایی ئەمساڵدا نمایشدەکرێت

فیلمی کەلەپچەی زیو کە لە نوسین و دەرهێنانی راسا کەمالە، لە کۆتایی ئەمساڵدا لە سینەماکانی کوردستاندا نمایشدەکرێت.

پامێر مەم ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە بە کەناڵ8ـی راگەیاند، فیلمەکە لە ژانری کۆمیدی و درامییە، بەڵام جیاوازیی فیلمەکە لەگەڵ کلاسیکە کۆنەکاندا لەوەدایە کە پاڵەوانی ئەم فیلمە وەک هەموو کەس لە ڕووی مۆراڵییەوە ڕوون نییە و دەکرێت بخرێتە ژێر پرسیارەوە.

فیلمەکە لە شاری سلێمانیدا وێنەگیراوە، تەنیا سێ دیمەن لە فیلمەکە سێتی تایبەتی داخراوی خۆی بۆ دروست کراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، فیلمەکە میوزیک (سکۆر)ـی تایبەت بەخۆی هەیە کە لەلایەن (ڕۆڤان کەمال)ـەوە کاری کۆمپۆزیشن و بەرهەمهێنانی بۆ کراوە، گەڕانەوەیەکە بۆ میوزیکی ئەلیکترۆنی و سینسی سینەمای ساڵانی هەشتاکان و هاوشان بە ستایلی وێنەگرتن و ڕەنگی فیلمەکە لایەنێکی گەورەی دروستکردنی کەشی تایبەتی فیلمەکەیە.

باسی لەوەشکردووە، ئەم فیلمە بە سەربەخۆیی دروست کراوە و شێوازی دروستکردنەکەی گەڕانەوەیە بۆ شێوازی فیلمسازی شەپۆلی نوێی هۆڵیوودی ساڵانی ناوەڕاست و کۆتایی سەدەی رابردوو، کە فیلمسازەکان لە دەرەوەی ستۆدیۆکاندا و لەناو شار و لەسەر شەقامەکان فیلمەکانیان دروست دەکرد. کاریگەری ئەو شێوازەش ئێستا دووبارە چووەتەوە ناو فیلم دروستکردنی ستۆدیۆ گەورەکان.

تەواوی ستاف و ئەکتەرەکانی فیلمەکەش خەڵکی شار و ناوچە جیاکانی کوردستانن، وابڕیاریشە فیلمی کەلەپچەی زیو لە کۆتایی ساڵی 2024 لە سینەماکانی کوردستاندا پەخش بکرێت و بخرێتە بەرچاوی بینەر.