سبەی یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمى کوردستان بەرەو سعودیە بەڕێدەکەون

نۆرەی هاونیشتمانییان لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ چوونە سعودیە. فۆتۆ: حەمە سوور

سبەی یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج بەرەو سعودیە بەڕێدەکەون.

کاروان ستونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بەکەناڵ8ـی راگەیاند، سبەی لەهەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانییەوە یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێمى کوردستان بەڕێدەکەون و پرۆسەکە تاوەکو چوارى مانگی داهاتوو بەردەوامدەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکەم کاروانی حاجییان کە بەپاس دەچن بۆ حەج لە 29ـی مانگ بەڕێدەکەون.

گوتەبێژەکەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەشکرد، حاجییان 25 رۆژ لە مەککە دەمێننەوە و دواتر بەگوێرەی خشتەی دیاریکراو دەگەڕێنەوە.

ئەمساڵ چوار هەزار و 600 حاجی لە هەرێمى کوردستانەوە، بەمەبەستى بەجێهێنانى فەریزەی حەج سەردانی سعودیە دەکەن.