ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد: تۆمەتبارانی هێرشەکەی سەر KFC دەستگیرکران

چێشتخانەی KFC لە بەغداد

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد رایگەیاند، ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر چێشتخانەی KFC لە شەقامی فەڵەستینی ناوەڕاستی بەغداد دەستگیرکراون.

لە راگەیەندراوێکدا فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد بڵاویکردەوە، بە گوێرەی لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانی بەڵگەی تاوان، دوو کەسی نەناسراو کە ماتۆڕسکیڵیان پێبووە، بۆمبێکی دەستکردیان هەڵداوەتەوە ناو چێشتخانەی ناوبراوەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکە تەنیا زیانی بە رووی پێشەوەی چێشتخانەکە گەیاندووە و هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کاتی دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبارەکەدا، ماتۆرسکیلەکە و دوو دەمانچەیان پێگیراوە و  بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان رادەستی بنکەی پۆلیس کراون.

پێشتر سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق بڵاویانکردەوە، کەسانی نەناسراو هێرشیانکردووەتە سەر یەکێک لە لقەکانی KFCلە شەقامی فەڵەستینی بەغداد بێئەوەی هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە بێت.