سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی پێنج رەوانەی بەغداد دەکەین

دیناری عێراقی. فۆتۆ: کەناڵ8

بۆ چارەسەرکردنى کێشەى مووچەى هێزە ئەمنییەکان، پەیوەندییەکى تەلەفونى لەنێوان وەزارەتى دارایى عێراق و وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان ئەنجامدرا، هێشتا بەغداد جەخت لە وەرگرتنى زانیارییەکان لەبارەى هەردوو وەزارەتى پێشمەرگە و وەزارەتى ناوخۆ دەکاتەوە، سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتى دارایی لەبارەى مووچەى مانگى ئایارەوە، گوتى، لیستى مووچە رەوانەى بەغداد دەکەین.

لەبارەى مووچەى هێزە ئەمنییەکانەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـی رایگەیاند، "پرسى دواکەوتنى مووچەى هێزە ئەمنییەکان سیاسییە و بەغداد مووچەکەیانى بە بارمتە گرتووە، لەبەرئەوەی بۆ مانگەکانى شوبات و ئازار مووچەى رەوانە کردووە و بە کۆد بووە، کە ئێستا نەک ئەوەى تەنیا داواى ناوى هێزە ئەمنییەکان بکات، بەڵکو داواى تەواوى زانیاریی لەسەر ئەو هێزانە دەکات".

هەروەها ئەوەى خستەڕوو، "حکومەتى هەرێمى کوردستان لە گفتوگۆکانى بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتانەى هەیە، تاوەکو کۆتایى ئەم هەفتەیە پرسى داهاتى نانەوتى و مووچەى هێزە ئەمنییەکان یەکلادەکرێتەوە".

بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، بڕیارە ئەنجومەنى وەزیران رۆژى چوارشەممە کۆببێتەوە و سەرجەم ئەو پرسانەى پەیوەندى بە حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستانەوە هەیە تاوتوێ بکرێن، سەرچاوەکەى وەزارەتى دارایى گوتیشى، "رەنگە بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت بۆ چارەسەرى پرسەکان، شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان بچنەوە بەغداد".

لەبارەى مووچەى مانگى ئایارەوە، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیران بە کەناڵ8ـی گوت، "وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان لەسەر هێڵە لەگەڵ بەغداد و لەم  هەفتەیەدا لیستى مووچەى مانگى ئایار رەوانەى بەغداد دەکرێت، هەروەها لەسەدا 50% داهاتە فیدراڵییەکان دەخرێتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایى عێراق لە بانکى ناوەندى لقى هەولێر.