دراکیولا.. زیاتر لە سەدەیەک لە گێڕانەوەی چیرۆکی خوێنمژەکان

پاش تێپەڕینی (100 ساڵ) بەسەر مردنی دروستکەرەکەیدا – (دراکیولا) وەک بەناوبانگترین خوێنمژ لە مێژووی ئەدەبییاتی جیهاندا، بە نەمریی ماوەتەوە، ئەم کەسایەتییە خانەدانە کە لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی (ترانسلڤەینیا)، لە سەردەمی دەرکەوتنە ئەدەبییەکەیدا ناوبانگێکی گەورەی نەبوو، هاوکات یەکەمین خوێنمژی ئەدەبیش نییە کە بوونی هەبووە.
رێکەوتی 26ی ئایاری ساڵی 1897، بۆ یەکەمین جار، برام ستۆکەری نووسەری ئێرلەندی، رۆمانی دراکیولای بڵاوکردووەتەوە، بەم بۆنەیەوە و لەم رێکەوتەدا، ساڵانە ئاهەنگ بۆ دراکیولا دەگێڕرێت لە جیهاندا و هەوادارانی ئەم کارەکتەرە ئەدەبییە، ستایشێکی گەورەی برام ستۆکەر و رۆمانەکەی دەکەن.

لە زەمینەی مێژووییدا، ئەمە یەکەمین دەرکەوتنی ئەفسانەی خوێنمژەکان نییە، بەڵکو (دڕندە خوێنمژە باوەکان) بەلایەنی کەمەوە ماوەی 800 ساڵە لە فۆلکلۆری کۆنی نەتەوە جاوازەکانەوە ماونەتەوە.
دایکی ستۆکەر یەکێک دەبێت لەوانەی کە لەسەردەمی بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی کۆلێرا لە ساڵی 1832 رزگاریان دەبێت، رووداوە تۆقێنەرەکانی ئەو سەردەمە، کاریگەرییەکی گەورە لەسەر شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکەکانی جێدێڵن، دایکی ستۆکەر، بەردەوام رووداوی ناشتن بە زیندوویی و گۆڕی بەکۆمەڵ بۆ ستۆکەری منداڵ دەگێڕێتەوە، ئەمانە هەموو کاریگەریی لەسەر تێڕووانینی ستۆکەر دروست دەکەن بۆ ژیان و لە داهاتوودا و لەگەڵ پێگەیشتنی: دەست دەداتە بەرهەمهێنان و نووسینی چیرۆکە خەیاڵی و رۆمانسی و سەرکەشییەکان، لەنێوان هەموو کارەکانیشیدا، رۆمانی بەناوبانگ – (Dracula 1897) دەنووسێتەوە.

لە ئاستی سینەماشدا دراکیولا ناوێکی گەورە و گرانە، سەرکەوتنی سیناریۆی فیلمی دراکیولا، رەخەگران دەیگەڕێننەوە بۆ ئەو رۆڵە گەورە و کاریگەر و زەقەی ئاکتەر (Bela Lugosi) لە ساڵی 1931 دەیگێڕێت لە بەرهەمێکی ستۆدیۆکانی (Universal) لە (Brodway) بەناوی (Dracula 1931)، لوگۆس لەڕێی کەسایەتییە ناوازە و تایبەتییەکەی خۆیەوە، ئەو تایبەتەمەندییانە بە دراکیولا دەبەخشێت کە لەم سەردەمەدا پێیان دەناسرێتەوە و نیشانەکانی وەک: لەبەرکردنی عەبای ناو-سوور و پێستی ڕەنگ پەڕیو و کەڵبەی درێژ و هتد.. دەبنە تایبەتمەندیی دراکیولا، هەر لەو ساڵەوە تاوەکو ئەم دەمە، دراکیولا بە چەندین شێوەی جیاواز و ئاداپشنەوە سەریهەڵداوەتەوە و پێگەیەکی گەورەی لە ناوەندە ئەدەبی و هونەرییەکەدا داگیر کردووە.