بۆ دیاریکردنى وادەى نوێی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، دەستەى سەرۆکایەتیى هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنى عێراق کۆدەبێتەوە.
بڕیارە رۆژى سێشەممە، دەستەى سەرۆکایەتیى هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کۆببێتەوە و بریاربدرێت لەسەر دیاریکردنى وادەى نوێ بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان.
سەرچاوەیەکى باڵا لە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە کەناڵ8ـی گوت، کۆمیسیۆن ئامادەکارییەکانی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکە تەواو کردووە، دەتوانن لە مانگى ئاب پرۆسەکە بەڕێوەببەن.
سەرچاوەکە گوتیشی، کۆدەنگیى لایەنەکان هەیە، هەڵبژاردن لە 15ـی ئەیلوول بەڕێوەبچێت، بەڵام پێشنیازێکیش لە سەرۆکایەتیى هەرێمی کوردستان هەیە پرۆسەکە بخرێتە سەرەتای تشرینى یەکەمى ئەمساڵ.
راشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکەى رۆژى سێشەممەى نێوان کۆمیسیۆن و سەرۆکایەتى هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ لەسەر ئەو دوو پێشنیازە دەکرێت و بڕیار لەسەر وادەیەکیان دەدرێت.
پێشتریش دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنسوڵخانەی گشتیی ئێران لە هەولێر رایگەیاند، بۆ دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردن، چاوەڕوانى کۆمیسیۆنن بە فەرمی ئاگاداریان بکاتەوە.