پارچەیەکی هونەریی نیاندەرتاڵەکان ئاشکرابوو

توێژەرانی زانکۆیەکی پۆڵەندا، توێژینەوەی پارچەیەک ئێسکی 130 هەزار ساڵەیان تەواوکردووە، کە لەلایەن نیاندەرتاڵەکانەوە وەکو ئامڕازێکی سیمبولیی بەکارهێنراوە و پێشبینی دەکرێت گوزارشت بێت لە پارچەیەکی هونەری.

ئەم پارچە هونەرییە، ئێسکی 130 هەزار ساڵەی ورچێکە لە وڵاتی پۆڵەندا، کە باوەڕ وایە لەلایەن نیاندەرتاڵەکانەوە دەستکاریی کراوە و نەخشیان لەسەر هەڵکۆڵیوە.

توێژەرانی زانکۆی ڤرۆکڵاو لە پۆڵەندا جەخت لەوە دەکەنەوە؛ ئەم پارچە ئێسکە، چەند هێڵ و هەڵکۆڵدراوێکی دێرین لەخۆدەگرێت، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ژیانی نیاندەرتاڵەکان.

ئاماژە بەوەش دەدەن، "ئەم پارچە ئێسکە وەکو ئامڕاز و پێداویستیی رۆژانە بەکارنەهێنراوە، بەڵکو سیمبولێک بووە بۆ گوزارشتکردن لە هەستەکان"، ئەم ئێسکە دۆزراوەیە، دەبێت بە یەکێک لە کۆنترین بەڵگەی دۆزراوەی هونەریی لە جیهاندا، کە لەسەر دەستی نیاندەرتاڵەکان دروستکراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی گۆڤاری جۆرناڵی زانستی شوێنەوارناسیی، ئەم پارچە دۆزراوەیە یەکێکە لە کۆنترین پارچە هونەرییەکانی ناوچەی ئۆراسیا، نیشانی دەدات، نیاندەرتاڵەکان ئەو جۆرە مرۆڤە سەرەتاییە نەبوون کە لەناو گێڕانەوەکاندا وێنادەکرێنەوە، بەڵکو خاوەنی هزر و ژیریی تایبەت بوون.

ئەم ئێسکە، درێژییەکەی زیاترە لە 10 سانتیمەتر و 17 نیشانەی جیاوازی لەسەر هەڵکۆڵراوە، ساڵی 1953 دۆزراوەتەوە و لەم کۆتاییانەدا دەرئەنجامی توێژینەوەکانی دەرچووە و ئاشکرا بووە کە ئێسکی رانی ورچێکی گەنج بووە و لەلایەن نیاندەرتاڵەکانەوە وەکو پارچەیەکی هونەریی بەکارهێنراوە.