لانا دێل رەی خەڵاتێکی نوێی پێدەبەخشرێت

لانا دێل رەی، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی دیاری ئەمریکا، لەلایەن رێکخراوی نیشتمانیی بڵاوکارانی موزیکی ئەمریکاوە ستایش دەکرێت و نازناوی ساڵی خۆیانی پێدەبەخشن.
خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی دیاری ئەمریکا و جیهان، لانا دێل رەی، لەلایەن رێکخراوی نیشتمانیی بڵاوکارانی موزیکی ئەمریکاوە، لەمیانی کۆبوونەوەی ساڵانەی رێکخراوەکە، رێکەوتی 12ی حوزەیران، خەڵاتی شەرەفمەندیی گۆرانی-نووسی ساڵ وەردەگرێت، لەژێر ناونیشانی "جوانیناسیی تەواو رەسەن، کە توانیویەتی تێکڕای نەوەکان ببزوێنێت"، کە ساڵانە بە دیارترین هونەرمەندی بواری موزیک دەبەخشرێت.

بە ئامادەبوونی جێبەجێکاری گشتیی گروپی موزیکی وارنەر، رۆبەرت کینسڵ، لانا دێل رەی خەڵاتەکەی وەردەگرێت، هاوکات هونەرمەند و بەرهەمهێنەری موزیکی ئەمریکی، ساڤان کۆتێچا، لە بواری موزیکی پۆپ و لەژێر نازناوی ئایکۆنی موزیکیی بۆ هونەرمەندی نووسەر، خەڵاتی پێدەبەخشرێت و لەلایەن رێکخراوەکەوە، یەکێک دەبێت لەو هونەرمەندانەی لەمساڵدا کاریگەریی گەورەیان لەسەر بڵاوکردنەوەی موزیکەکان هەبووە و توانیویەتی بەشداربێت لە بڵاوبوونەوەی چەندین گۆرانی دیاری هونەرمەندان لەوانە: ئاریانا گراندێ، وەن دایرێکشن، بریتنی سپیرس و زۆری دیکە.
لانا دێل رەی، یەکێکە لە دیارترین خانمە گۆرانیبێژ و گۆرانی-نووسەکانی ئەمریکا، ئێستا تەمەنی 38 ساڵە و خاوەنی 38 تراکی گۆرانییە و توانیویەتی نۆ ئەلبومی گۆرانی بڵاوبکاتەوە.