پزیشکێک: دەکرێت کۆکە نیشانەی شێرپەنجە بێت

د. هەرێم کەریم - پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناسە و سییەکان

.د هەرێم کەریم، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناسە و سییەکان، لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لە بوڵتنی تەندروستیی کەناڵ8ـدا باسی لە هۆکارەکانی کۆکە و چارەسەرەکانی کرد.

کۆکە چییە؟

سەرەتا د. هەرێم کەریم باسی لە کۆکە کرد وەکو کاردانەوەیەکی پارێزەری جەستە و گوتی " کۆکە بریتییەلە گرژبوونی بۆرییەکانی هەناسە کاتێک کە شتێک چووەتە ناو بۆریی هەناسە و زمانە بچکۆلەش داخراوە، ئەم گرژبوونە فشارێکی زۆر دروست دەکات، زمانە بچکۆلە دەکاتەوە و شتەکە دەکاتەدەرەوە، واتا بە شێوەیەکی ئاسایی کۆکەکردن میکانیزمێکی پارێزەری گرنگە و پێویستە لە کاتە پێویستەکاندا هەمانبێت و نەبوونی نەخۆشییە"

ماوەی خایاندنی کۆکە چیمان پێدەڵێت؟

د. هەرێم کەریم بە گرنگییەوە باسی لە ماوەی خایاندنی کۆکە کرد و گوتی "ئەگەر کۆکە چەند رۆژێک بۆ دوو-سێ هەفتە بخایەنێت، ئەوا کۆکەیەکی کورتخایەنە و زۆرجار هۆکارەکەی پەتایەکی وەرزی، هەوکردنی بۆریی هەوا یان هەستەوەرییە، بەڵام ئەگەر کۆکەکە زیاتر لە سێ هەفتە بخایەنێت، ئەوا کۆکەیەکی درێژخایەنە کە دەکرێت تاوەکو هەشت هەفتە یان زیاتر بخایەنێت، هۆکارەکەشی لەوانەیە هەوکردنێکی درێژخایەن، بەڕیشاڵبوونی سییەکان، گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە، هەندێک دەرمانی وەکو دەرمانی بەرزەفشاری خوێن یان نەخۆشییەکی ترسناک بێت"

جیاوازیی نێوان کۆکەی وشک و کۆکەی تەڕ چییە؟

" زۆرینەی کات کۆکەی وشک هۆکارەکەی هەستیاریی بۆرییەکانی هەوایە و دەشکرێک هەندێک جار هۆکارەکەی بەڕیشاڵبوونی سییەکانبێت. سەبارەت بە کۆکەی تەڕ، واتا ئەو کۆکەیەی کە بەڵغەمی لەگەڵدایە، زۆرینەی کات هۆکارەکەی هەوکردنە و دەشکرێت هەریەکە لە نەخۆشیی سیل، شێرپەنجەی سییەکان و رەبۆ و هۆکاربن بۆ کۆکە.

رەنگی بەڵغەم چیمان پێدەڵێت؟

پزیشکە کوردەکە باسی لە رەنگی ئەو بەڵغەمە کرد کە لەگەڵ کۆکەی تەڕ دێتە دەرەوە و گوتی کە دەکرێت زانیاری زۆرمان پێبدات لەسەر هۆکاری کۆکەکە "ئەگەر بەڵغەم سپی بوو، دەکرێت هۆکارەکەی رەبۆ یان هەستەوەری بێت. ئەگەر سوور بوو، دەکرێت نیشانەی شێرپەنجەی سییەکان بێت، یاخود برین لە قورگ و دەمدا دروستبووبێت، ئەگەریش بەڵغەمەکە سەوز بوو، بە ئەگەری زۆرەوە هۆکارەکەی هەوکردنە"

نیشانە مەترسیدارەکانی کۆکە چین؟

سەبارەت بە نیشانە مەترسیدارەکانی کۆکە، د. هەرێم کەریم گوتی "هەندێک نیشانە هەن کە ئەگەر لەگەڵ کۆکەدا هەبوون پێویستدەکات کەسەکە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بکات. بۆنموونە ئەگەر کۆکەکە لە سێ هەفتە زیاتری خایاند، ئەگەر خوێن و لەرز و تای لەگەڵ بوو، یان خیزەی سنگ لەپاڵ کۆکەدا لە کەسێکی سەروو 12 ساڵاندا هەبوو؛ دەبێت کەسی تووشبوو سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بکات"

سەبارەت بە چارەسەرەکانی کۆکە، د. هەرێم باسی لەوە کرد کە هۆکاری کۆکە بەگوێرەی چارەسەرەکەی دەگۆڕێت؛ بۆیە گرنگە بەر لە وەرگرتنی هەر چارەسەرێک، هۆکاری کۆکەکە لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە دیاریبکرێت

"نابێت هاونیشتمانییان لەخۆیانەوە سەردانی نۆرینگەکان بکەن و داوای شرووب و دەرمانی کۆکە بکەن، چونکە زۆرجار لەوانەیە کۆکە نیشانەی نەخۆشی بێت، ئەم دەرمانانە لەوانەیە کۆکەکە چارەسەربکەن، بەڵام نەخۆشییە بنەڕەتییەکە دەشارنەوە"