وەزارەتی کارەبا: بۆ هاوین بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکرێت

تاوەرێکی کارەبا لە سلێمانی، فۆتۆ: حەمە سوور- کەناڵ8

وەزارەتی کارەباى هەرێمى کوردستان بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ وەرزی هاوین زیاد دەکات و دەشڵێت، کارپێکردن و تەواوکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک لە شارەکان دەچێتەبوارى جێبەجێکرنەوە.

بەگوێرەى راگەیەندراوى وەزارەتی کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان، "ئەمڕۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنی وەزارەتی کارەبا بە سەرپەرشتیی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا و ئامادەبوونى بریکار، راوێژکاران، بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبای پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەڕێوەچوو".

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، "لەکۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی کارەبا لە نێوان پارێزگاکان دراوە".

لە بەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بەرنامەی کارەبا لە وەرزی هاویندا، بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانی بازیان، خەبات و ماس  زیاد دەکرێت و هەوڵدەدرێت یەکەیەکی دیکەی وێستگەی کواشی بە گازوایل بەگەڕبخرێت و چاککردنەوەی یەکەکانی وێستگەکانیش ئەگەر زۆر پێویست نەبێت نەخرێتە وەرزی هاوین".

وەزارەتى کارەبا دەشڵێت، "تیمەکانی هێڵەکانی پاڵەپەستۆی بەرز وێڕای ئەوەی چاکسازییان لە هێڵەکانی کارەبا کردووە، لە ئامادەباشیدان بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی تەکنیکی، هەرلە کۆبوونەوەکەشدا بڕیاری کارپێکردن و تەواوکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک لە شارەکان دراوە".