هەرێمى کوردستان لە پەتاتەدا گەیشتووەتە خۆبژێوى

test
بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی كوردستان

هەرێمى کوردستان لە بەرهەمى پەتاتەدا گەیشتووەتە ئاستى خۆبژێوى و بۆ پشتیوانى لە بەرهەمى ناوخۆیى، وەزارەتى کشتوکاڵ هاوردەکردنى قەدەغە کردووە، هەروەها لە ساڵانى 2022 و 2023 پەتاتە هەناردەى ئیمارات و سعودیە کراوە.

بەگوێرەى داتا فەرمییەکانى وەزارەتى کشتوکاڵ، بەرهەمى پەتاتە لە ساڵى رابردوودا گەیشتووەتە 443 هەزارو 138 تۆن، کە لەسەر رووبەرى 81 هەزارو 453 دۆنم زەوى چێندراوە.

هیوا عەلى، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، بەرهەمى پەتاتە لەو ئامارەى رایانگەیاندووە زۆر زیاترە و زیاترە لە 500 هەزار تۆن، چونکە نەیانتوانیوە هەموو زەوى چێندراوى پەتاتە هەژمار بکەن.

گوتیشى، "حەوت کارگەى پیشەسازى گەورە لەهەرێمى کوردستان بەرهەمى پەتاتە دەکەن بە چپس و فینگر، ئەوەش رۆڵى هەبووە بۆ ساغکردنەوەى بەرهەمى پەتاتەى ناوخۆیى بۆ کارگەکان".

ساڵى 2022 بڕى پێنج هەزار تۆن پەتاتەى هەرێمى کوردستان هەناردەى ئیمارات کراوە، ساڵى 2023ش سێ هەزار تۆن پەتاتە هەناردەى وڵاتى سعودیە کراوە، بەگوتەى هیوا عەلى براندەکانى مەکدۆناڵد و کەى ئێف سى، داواى پەتاتەى هەرێمى کوردستانیان کردووە.

وەزارەتى کشتوکاڵ، تاوەکو 31ـی کانونى دووەمى 2025، هاوردەکردنى پەتاتەى قەدەغە کردووە، ئەوەش بە ئامانجى پاراستنى بەرهەمى ناوخۆیى جووتیاران.

پەتاتەى هەرێمى کوردستان لە وەرزى هاوین و زستاندا دەچێندرێت و بووەتە ژەمێکى سەرەکى هاونیشتمانییان، وەزارەتى کشتوکاڵ بە هاوکارى وڵاتى هۆڵەندا بووەتە خاوەنى 30 جۆر تەرزى بنەتۆوى پەتاتە، ئەوەش یارمەتى جووتیاران دەدات بۆ هەمەجۆریى بەرهەمەکەیان.

loading....