پزیشكێک: نەخۆشیی پرخە هۆکاری چەندین نەخۆشی و گرفتی تەندروستییە

د. زانا دزەیی، پسپۆڕی ورد لە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و سییەکان

د. زانا دزەیی، پسپۆڕی ورد لە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و سییەکان میوانی بەرنامەی تەندروستیی کەناڵ8 بوو و سەرنجیخستە سەر گرفتێکی هەناسەدان کە ئێستا بەهۆی گۆڕانی شێوازی ژیانەوە بڵاوە و ئەگەر کەسێک ئەم گرفتەی هەبێت لەوانەیە تووشی چەندین نەخۆشیی دیکە ببێت؛ گرفتەکەش نەخۆشیی پرخە یان گیرانی بۆریی هەناسەدانە لەکاتی خەوتندا.

نەخۆشیی پرخە چییە؟

 د. زانا سەرەتا پێناسەی نەخۆشییەکەی کرد و گوتی کە پرخە خۆی گرفتێکی باوە و زۆرێک لە خەڵکی هەیانە، بەڵام مەرج نییە هەموو ئەوانەی پرخەیان هەیە نەخۆشبن و گرفتی گیرانی بۆریی هەناسەدانیان لەکاتی خەودا هەبێت. پسپۆڕەکە گوتی کاتێک ئەم پرخەیە دەبێتە گرفت کە بە شێوازی کۆنیشانەیەک و لەگەڵ چەند گرفتێکی دیکەدا تووشی کەسەکە دەبێت، ئەوکات پێی دەگوترێت کۆنیشانەی گیرانی بۆریی هەناسەدان لەکاتی خەودا.

نیشانەکانی نەخۆشیی پرخە چین؟

د. زانا دزەیی باسی لە هۆکارەکانی ئەم گرفتەی کرد و رایگەیاند کە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە تا رادەیەک قورسە و وەکو چیایەکی سەهۆڵبەند وایە کە تەنیا یەک لە سێی نەخۆشییەکە دیارە؛ "یەکێک لە نیشانە سەرەکییەکان بریتییەلە بوونی پرخە لەکاتی خەودا، نیشانەی دووەم ئەوەیە کە کەسی تووشبوو لەکاتی خەودا کتوپڕ تووشی گیرانی هەناسەدان دەبێت بەبێ ئەوەی ئاگاداربێت، زۆرجار ئەم نیشانەیە لەلایەن چارەخوازەکە خۆیەوە پێی نازانرێت و کەسە نزیکەکانی ئاگاداریدەکەنەوە کە ئەم گرفتەی هەیە".

د. زانا دەڵێت کە نیشانەیەکی دیکەی ئەم گرفتە خەواڵووییەکی زۆرە لەکاتی رۆژدا؛ "کەسەکە لەوانەیە لە شوێنێکی گشتی، بۆنەیەک یان لەکاتی شۆفێریدا خەویلێبکەوێت و کارەساتی گەورە دروستبکات".

هۆکارەکانی نەخۆشیی پرخە چین؟

پسپۆڕەکە باسی هۆکارەکانی نەخۆشیی پرخەی کرد و گوتی "هەندێک هۆکار هەن مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاددەکەن، لەوانە: رەگەزی نێر، ئەوانەی تەمەنیان سەروو 50 ساڵە، ئەو کەسانەی پێشینەی خێزانییان هەیە، ئەوانەی قەڵەون یان کێشزیادن، جگەرەکێشان، هەندێک نەخۆشیی درێژخایەنی هەناوی وەکو نەخۆشیی بەرزەفشاری خوێن، نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی گورچیلە".

د. زانا قەڵەوی بە هۆکاری سەرەکیی نەخۆشیی پرخە دانا و گوتی "زۆرجار کاتێک کەسەکە لە قۆناغی سەرەتای نەخۆشییەکەدا بووە، تەنیا بە دابەزاندنی کێشی جەستەی چارەسەری نەخۆشییەکەی کردووە".

لێکەوتە خراپەکانی نەخۆشییەکە چین؟

د. زانا دەڵێت نابێت ئەم نەخۆشییە لەلایەن چارەخوازەوە پشتگوێبخرێت، چونکە نەخۆشیی پرخە چەندین لێکەوتەی خراپ و مەترسیداری هەیە، لەوانەش: بەرزەفشاری خوێن (هەم هۆکارە هەم یەکێکە لە لێکەوتەکانی نەخۆشییەکە)، نەخۆشییەکانی دڵ و سستبوونی دڵ، شەکرەی جۆری دوو، نەخۆشییەکانی مێشک وەکو جەڵتەی مێشک و نەخۆشیی لەبیرچوونەوە، نەخۆشیی بەرزەفشاری سییەخوێنبەر کە نەخۆشییەکی مەترسیداری سییەکانە. د. زانا دەڵێت نەخۆشییەکە "فرەسیستمە" و کاریگەریی لەسەر هەموو جەستە و ئەندامەکانی هەیە.

ئەم نەخۆشییە چۆن چارەسەردەکرێت؟

د. زانا دزەیی باسی لە چارەسەرەکانی نەخۆشییەکەی کرد و گوتی سەرەتا دەبێت ئەم نەخۆشییە بە بەکارهێنانی ئامێری هێڵکاریی خەوتن (PSG) دەستنیشانبکرێت و پاشان بەگوێرەی ئەنجامەکان نەخۆشییەکەی دەستنیشاندەکرێت و چارەسەر وەردەگرێت.

د. زانا گوتی سێ رێگەی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە هەن؛ "رێگەی یەکەمیان رێگەچارە گشتییەکانی وەکو گۆڕانی شێوازی ژیانە، ئەگەر کەسەکە جگەرەکێشبوو پێی دەڵێین واز لە جگەرەکێشان بهێنێت، ئەگەر مەیخۆر بوو ئامۆژگاریی دەکەین واز لە خواردنەوە بهێنێت، ئەگەر کێشی جەستەی زۆر بوو ئەوا پێویستە کێشی داببەزێنێت، ئەگەر نەخۆشییەکی درێژخایەنی وەکو بەرزەفشاری خوێنی هەبوو، دەبێت نەخۆشییەکەی کۆنترۆڵبکات، هەروەها پێویستە بەگشتی جووڵە و وەرزش زیادبکات و لە شێوازی ژیانی رۆژئاوایی بەدووربێت".

پسپۆڕەکە ئاماژەی بە رێگەی دووەمی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە کرد و گوتی کە ئەگەر گۆڕانی شێوازی ژیان و کەمکردنەوەی مەترسییەکان نەخۆشییەکەی چارەسەرنەکرد، ئەوا کەسەکە پێویستە لە رێگەی ئامێرێکەوە یارمەتیی هەناسەدانی بدرێت، ئامێرەکە لە شەودا دەبەسترێت و بۆ ماوەی شەش بۆ حەوت کاتژمێر پێوەیبێت؛ "سوودی ئەم ئامێرە ئەوەیە کە رێگە لە تەسکبوونەوە و گیرانی بۆریی هەناسەدان دەگرێت و پرخە کەمدەکاتەوە، هەروەها رێژەی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە خوێندا دادەبەزێنێت".

د. زانا دەڵێت ئەگەر ئەم دوو رێگەیەی کە باسکرا سوودی نەبوو، لەوانەیە پێویستی بە نەشتەرگەری بێت، بەڵام ئێستا نەشتەرگەری بە رێژەیەکی زۆر کەم بۆ چارەسەری ئەم گرفتە دەکرێت.