لە دوو رۆژدا 37 کەس بۆ خۆبەربژێرکردن سەردانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێرانیان کردووە

ماوەی دوو رۆژە لە ئێران دەرگای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانە کراوەتەوە، کە دەیانەوێت خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەربژێر بکەن. لەو دوو رۆژەدا 37 کەس مامەڵەیان کردووە.
محەمەد تەقی شاهچراغی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆی هەینی، 37 کەس بۆ خۆبەربژێرکردن سەردانی کۆمیسیۆنیان کردووە و نۆ کەسیان مەرجەکانی خۆبەربژێرکردنیان تیادابووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سێ کەس لەوانەی بۆ خۆبەربژێرکردن سەردانی کۆمیسیۆنیان کردووە ژن بوون، بەڵام بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی بەربژێربوونەوە داواکەیان رەتکراوەتەوە.
سیان لەوانەی تاوەکو ئێستا خۆیان بەربژێرکردووە، لە بەربژێرەکانی دیکە زیاتر ناسراون، بریتین لە عەلی لاریجانی لە میانڕەوەکان، سەعید جەلیلی لە موحافزکارەکان و ناسر هیمەتی لە ریفۆرمخوازەکان.
بەگوێرەی میدیای ئێران، لەو نۆ کەسە سێ کەسیان موحافزکارن، دوو کەسیان میانڕەو، دوو کەسیان ریفۆرمخوازن، یەک کەس لە سەربەخۆکان و کەسێکیان لە نەتەوە گەراکانە.
ماوەی هەفتەیەک دەرگای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران بۆ تۆمارکردنی ناوی بەربژێرەکان کراوە دەبێت و دوای ئەوە پیاداچوونەوە بە ناوەکاندا دەکرێت و ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی پاسەوانیی دەستوورەوە بە شیاو زانرا، ناوی بە فەرمی دەبێتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی خولی 14یەمی سەرۆککۆماری ئێران.
هەڵبژاردنی خولی 14ی سەرۆککۆماری ئێران لە 28ی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت.