زیاتر لە 86 هەزار عێراقی مافی مانەوەیان لە تورکیا وەرگرتووە

test
هاوڵاتیان لەسەر پردی گالاتا لە ئیستانبوڵ. فۆتۆ: AP

بەگوێرەی ئامارەکانی تورکیا، زیاتر لە 86 هەزار هاوڵاتیی عێراقی و زیاتر لە 81 هەزار هاوڵاتیی ئێرانی پاش وەرگرتنی مافی مانەوە، لە تورکیا دەژین، عێراق پلەی سێیەم و ئێران پلەی چوارەمی هەیە لە ریزی ئەو وڵاتانەی هاوڵاتییانیان مافی مانەوەیان لە تورکیا هەیە.

بەگوێرەی ئامارێکی دەزگای کۆچی تورکیا، تاوەکو 23ـی ئایار، ملیۆنێک و 125 هەزار هاوڵاتیی بیانی بۆ ئەوەی لە تورکیا بژین، مافی مانەوەیان پێدراوە.

ئاماژە بەوەکراوە، تورکمانستان بە 112 هەزار مۆڵەتی مانەوە و رووسیا بە 96 هەزار مۆڵەتی مانەوە، پلەی یەکەم و دووەمیان هەیە.

هاوڵاتییانی عێراق بە 86 هەزار مۆڵەتی مانەوە و ئێرانییەکان بە 81 هەزار مۆڵەتی مانەوە، پلەکانی سێیەم و چوارەمیان گرتووە کە لە تورکیا ماونەتەوە بۆ ژیانکردن.

هاوڵاتییانی سووریا، ئازەربایجان، ئۆزبەکستان، کازاخستان، ئەفغانستان و ئۆکرانیا پلەکانی دواتری مانەوەیان لە تورکیا هەیە.

هەریەک لە شارەکانی ئیستانبوڵ، ئەنتاڵیا، ئەنقەرە، بورسا، مێرسین و ئەزمیر، زۆرترین خەڵکی بیانییان تێدا دەژی.