هێشتا وەرگرتنى گەنم لەنێوان حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان یەکلانەکراوەتەوە

دروێنەی گەنم لە دەشتی شارەزوور. فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8

دواى هەوڵەکانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزیرى کشتوکاڵ و چەندین دانیشتن و گفتوگۆ، بەڵام تاوەكو ئێستا پرسى وەرگرتنى گەنمى جوتیاران بە چارەسەرنەکراوى ماوەتەوە، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى سلێمانى دەڵێت، "سایلۆکان ئامادەن بۆ وەرگرتنى گەنم، بەڵام تاوەكو چارەسەرى کێشە لە بەغدادەوە نەکرێت ناتوانین گەنم وەربگرین".

شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى سلێمانى بۆ کەناڵ8 گوتى، "هێشتا لەگەڵ بەغداد لەسەر بڕى گەنم رێکنەکەوتووین، ئێمە دەمانەوێت زۆرترین گەنمى جوتیاران وەربگیرێت و سوودى ماندووبونەکەیان بچننەوە، بەڵام عێراق 700 هەزار تۆنى دیارى کردووە و ئەوەش بڕێکى زۆر کەمە بەراورد بە دوو ملیۆن تۆن بەرهەمى گەنم".

لەبارەى رێژەى وەرگرتنى گەنمى سنورى پارێزگاى سلێمانی شاڵاو جەمال گوتى، "پێشبینى دەکەین عێراق هەرچەند گەنم لە جوتیاران وەربگرێت 40%ـی ئەو بڕە بەر پشکى جوتیارانى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى گەرمیان و راپەڕین بکەوێت".

لەبارەى وەرگرتنى گەنم لە سایلۆکاندا، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى سلێمانى دەڵێت، "سایلۆکان ئامادەکراون بۆ وەرگرتنى گەنم، هەروەها تانکی گەورەمان هەیە بۆ هەڵگرتنى گەنم ئەوانەش ئامادەکراون، بەڵام سایلۆى پیرەمەگرون 80 هەزار تۆن دەگرێت و تاوەكو ئێستاش 75 هەزار تۆن گەنمى ساڵى رابردووى تێدا ماوەتەوە".

هاوکات، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى سلێمانى ئەوەشى روونکردەوە، پاش ئەوەى بڕى یەکلاکەرەوەى گەنم لەلایەن حکومەتى عێراق دیاریکرا، لەسەر بنەماى زەوى دۆنم بە گەنم چێندراو، پشکى پارێزگاکانى سلێمانى و هەولێر و دهۆک جیادەکرێتەوە.