مەحمود ئەحمەدى نەژاد ناوى خۆی وەکو بەربژێرى پۆستى سەرۆککۆمارى ئێران تۆمارکرد

مەحمود ئەحمەدى نەژاد سەرۆککۆمارى پێشووترى ئێران ناوى خۆى بۆ پۆستى 14یەمینى سەرۆککۆمارى ئێران تۆمارکرد، تاوەکو ئێستاش 19 کەس مەرجەکانى خۆبەربژێرکردنیان تێدا بووە.
موحسین سەلامی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا 80 کەس بۆ خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستى سەرۆککۆمار سەردانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیان کردووە، کە لەو ژمارەیە 19 کەسیان مەرجەکانی خۆتۆمارکردنیان هەبووە، ئەمرۆش ئەحمەدى نەژاد ناوى خۆی تۆمارکرد.
موحسین سەلامی رایگەیاند، لە رۆژی سێیەمی خۆتۆمارکردندا 23 کەس بۆ خۆتۆمارکردن سەردانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیان کردووە، کە سێ کەسیان ژن و 20 کەسی دیکەیان پیاو بوون. لەو 23 کەسەدا، هەشت کەس مەرجی خۆتۆمارکردنیان هەبووە و ئەوانی دیکەیان رەتکراونەتەوە، کە یەکێکیان ژنێک بووە بە ناوی زوهرە ئیلاهیان.
ئەمرۆ یەکشەممە، مەحمود ئەحمەدى نەژاد سەرۆککۆمارى ئێران لە ساڵی 2005 بۆ 2013 وەک بەربژێرێک ناوى خۆى تۆمارکرد.
پێشتریش مەحمود ئەحمەدی نەژاد لە هەوڵێکیدا بۆ بوونەوەی بە سەرۆککۆماری ئێران ناوی خۆی بۆ خولی 12یەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران تۆمارکرد، بەڵام شیاوبوونی لەلایەن ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستووری ئێرانەوە رەتکرایەوە.
ئەحمەدی نەژاد بۆ ماوەیەک خۆی لەکاری سیاسی دوورخستەوە، بەڵام ئەمساڵ و جارێکیتر دەیەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی 14یەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێراندا بکات، بەڵام دیار نییە، ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوور شیاوبوونی پەسەند دەکات یاننا.
لە رۆژی سێیەمدا دیارترینی ئەو کەسانەى خۆیان بۆ بەربژێربوون تۆمارکردبوو، هەر یەکە لە موحسین هاشمی کوڕە گەورەی رەفسەنجانی، عەلیڕەزا زاکانی سەرۆکی شارەوانیی تاران و وەحید حەقانیان لە نوسینگەی عەلی خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان تێدا بووە.
پێشتریش عەلی لاریجانی، ناسر همەتی و سەعید جەلیلی ناوی خۆیان بۆ بەربژێربوون تۆمارکردبوو.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ئێران ئەمڕۆ و سبەی بەردەوام دەبێت لە تۆمارکردنی ناوی بەربژێرەکان.
رۆژی 28ی حوزەیران 14یەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئێران بەڕێوەدەچێت.