بەهۆی زۆریی ژمارەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان، چەند ساڵێکە بەرهەمی مریشک و هێلكە رووی لە زیادبوون کردووە، بەجۆرێک رۆژانە زیاتر لە هەشت هەزار کارتۆن هێلکە رەوانەی بازاڕەکانی ناوخۆ دەکرێت.
هەر کارتۆنێک 15 تەبەق لەخۆ دەگرێت و هەر تەبەقێکیش 30 هێلکەی تێدایە، بەمەش بڕی سێ ملیۆن و 600 هەزار هێلکە لە بازاڕەکاندا ساغدەکرێنەوە.
جەمال حسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لەسلێمانی بەکەناڵ8ی راگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی هێلکە لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان رێژەکەی گەیشتووەتە 150٪ کە ئەمە مانای وایە زیاترە لە خواستی ناوخۆ و بەشێکی هەناردەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت، بەڵام بەهۆی زۆریی بەرهەم لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، لەوەرزی گەرمادا هەناردەکردنی لە هەرێمی کوردستانەوە راگیراوە.
لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 25 پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە بوونی هەیە، بەجۆرێک لەسنووری پارێزگای هەولێر 15 پرۆژەی بەرهەمهێنان و 35 پرۆژەی هەڵهێنانی هێلکە هەیە، لەسلێمانی 11 پرۆژە بۆ بەرهەمهێنان و 14 پرۆژە بۆ هەڵهێنان و لە دهۆکیش دوو پرۆژەی بەرهەمهێنان و سێ پرۆژەی هەڵهێنانی هێلکە بوونی هەیە، سەرەڕای زۆریی بەرهەم هێشتا مریشک و هێلکە هاوردەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکرێت.