ناوی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران رەوانەی ئەنجوومەنی پاسەوانیی دەستوور دەکرێت

ئاڵای ئێران

دوای پێنج رۆژ لە پرۆسەی ناو تۆمارکردن بۆ بوونە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی خولی 14یەمی سەرۆککۆماری لە ئێران، رۆژی سێشەممە 4ـی حوزەیران، ناوە تۆمارکراوەکان رەوانەی ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوور کران.

بەهۆی نەبوونی مەرجەکانیشەوە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ناوی برایەکی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێرانی تۆمار نەکرد.

بەشێک لە میدیای ئێران بڵاویکردووەتەوە، عەلی رەئیس سادات، برای ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، لە دوایین رۆژی ناوتۆمارکردندا سەردانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کردووە، بەڵام لە کۆمیسیۆن بەهۆی نەبوونی مەرجی پێویستەوە ناوی تۆمارنەکراوە.

هادی تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاسەوانیی دەستوور رایگەیاند، ماوەی یاسایی ئەنجوومەنی پاسەوانیی دەستوور بۆ هەڵسەنگاندنی ناوە تۆمارکراوەکان پێنج رۆژە، بەڵام ئەگەر پێویستبکات رەنگە ماوەی هەڵسەنگاندنی بەربژێرەکان بۆ پێنج رۆژی دیکە درێژبکرێتەوە.

بەگوێرەی ماددەی 115ـی دەستوور، سەرۆککۆمار دەبێت لەنێوان پیاوانی سیاسی یان ئایینی دیاریبکرێت و هەر ئەوەندەی ئەنجوومەکە کۆتایی بە پرۆسەی هەڵسەنگاندن هێنا، ئەنجامی کۆتایی بۆ خەڵک بڵاودەکرێتەوە.

ئەمساڵ 80 کەس ناوی خۆیان بۆ بوونە بەربژێر لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا تۆمارکردووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا ناوی ئەو کەسانە یەکلایی دەبێتەوە، کە دەکرێنە بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە ئێران.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2017 دا لە ئێران هەزار و 636 کەس و لە هەڵبژاردنی 2021 دا 592 کەس ناوی خۆیان بۆ بوونە بەربژێر بۆ سەرۆککۆماری تۆمارکردبوو، لە هەر یەک لەو خولانەدا تەنیا شیاوبوونی چوار کەس لەلایەن ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوورەوە پەسەندکرابوو و ئەوانی دیکە رەتکرابوونەوە.