پزیشکێکی کورد هۆشداری لەبارەی کارلێکی دەرمانەکان دەدات
زانكۆ محەمەد 04/06/2024

پزیشکێکی کورد هۆشداریدەدات سەبارەت بە کارلێکی نێوان دەرمانە جۆراوجۆرەکان و رێنمایی هاونیشتمانییان دەکات کە لە کاتی وەرگرتنی هەر دەرمانێکدا، پزیشکەکەیان ئاگەداربکەنەوە لە بوونی هەر نەخۆشی یان دەرمانێکی دیکە تاوەکو رێگریبکەن لە روودانی کارلێکی دەرمانەکان.
د.هیوا خدر سەعید، پسپۆڕی دەرمانزانی و ژەهرزانی، لە بوڵتنی تەندروستیی کەناڵ8دا باسی چۆنیەتیی وەرگرتی دەرمانی کرد و گوتی: ئەو دەرمانانەی دەدرێت بە چارەخوان، دەوای چەندین توێژینەوە و تاقیکردنەوە، شێوازی دروست بەکارهێنانی دەستنیشانکراوە و نابێت چارەخواز لەو شێوازە زانستییە لابدات. لەبەرئەوەی زۆر خواردنی دەرمان دەبێتەهۆی ژەهراویبوون، کەم خواردنیش رێگردەبێت لەوەی سوود لە دەرمانەکە ببینرێت.
سەبارەت بە بەهێزیی دەرمانەکەش، گوتی: بەهێزیی دەرمان بەندە لەسەر رەگەز و تەمەن و کێش و جۆری نەخۆشییەکە و دەکرێت بەهێزیی دەرمانەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاواز بێت
هەر لە درێژەی باسەکەشدا گوتی زۆر گرنگە بۆ نەخۆش نەشرە(کەتەلۆگ)ی دەرمانەکە بخوێنێتەوە کە تێیدا شێوازی هەڵگرتن و چۆنیەتیی بەکارهێنانی دەرمانەکەی تێدایە
گوتی مەرج نییە راستەوخۆ سوود لە دەرمانەکان وەربگریت، لەوانەیە کاتێکی زۆری پێبچێت بۆیە چارەخواز پێویستە پشوودرێژبێت؛ هەروەها گرنگە کاتێک پزیشک دەرمان بۆ ماوەیەک دادەنێت، چارەخواز تا تەواوبوونی کاتەکە بەردەوام بێت لە وەرگرتنی دەرمانەکە و لە خۆیەوە نەیوەستێنێت.
رێنمایشی بۆ هاوڵاتیان ئەوەبوو: پێویستە دەرمان لەگەڵ ئاو بخورێتەوە نەوەکو لەگەڵ خواردنەوەی دیکە؛ هەروەها پێویستە رێنمایی وەربگیرێت لە پزیشک دەربارەی ئەو خواردن، خواردنەوانەوە و ئەو دەرمانانەی دیکە کە نابێ لەگەڵ ئەو دەرمانە بخورێت کە بۆ چارەخواز نوسراوە.
ئاران ئەدیب/خوێندکاری پزیشکیی ددان
loading....