/

قوباد تاڵەبانی دەستپێشخەرییەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی سەر ژینگە رادەگەیەنێت

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی لە رۆژی جیهانیی ژینگەدا بە زمانی عەرەبی لە رۆژنامەی 'سەباح؛ بڵاوکردووەتەوە و دەستپێشخەرییەک سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی تانجەرۆ رادەگەیەنێت.

لە وتارەکەیدا کە لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەکە، 5ـی حوزەیرانی 2024 بڵاویکردووەتەوە، قوباد تاڵەبانی پرسی شاخی گۆیژە لە سلێمانی دەوروژێنێت و دەڵێت، "لەم رۆژانەدا بابەتی دروستکردنی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە بناری شاخی گۆیژەی سلێمانی (کە رەنگە لە هەموو عێراقدا جوانترین و ناوازەترین پڕۆژەی نیشتەجێبوون بێت)، بوو بە مایەی مشتومڕێکی زۆر".

هەروەها دەڵێت، "بەرەیەک دژی پڕۆژەکەن و پێیانوایە زیانی ژینگەیی هەیە و بەرەیەکی دیکەش پێیانوایە ئەگەر پڕۆژەکە زیانی ژینگەییشی هەبێت، لەو ئاستەدا نییە پڕۆژەیەکی ناوازەی بۆ پەکبخرێت کە سیمای شار دەگۆڕێت".

جێگری سەرۆکی حکومەت لە وتارەکەیدا ستایشی هەڵوێستی خەڵکی سلێمانی دەکات سەبارەت بە پرسە ژینگەییەکان و دەڵێت، " ئەم موناقشە گەورەیەی لەناو سلێمانی لەسەر پرسی ژینگە دروستبووە، هەرچەند بەشی زۆری رەخنەکان بەندە و دەسەڵاتی ئیداری و سیاسی شار دەگرێتەوە، بەڵام هەستی شانازی و گەشبینی لە مندا ورووژاند، ئاخر یەکەمجارە دەبینین لە کوردستان و عێراقدا پرسی ژینگە دەبێتە جێی مشتومڕێکی لەم ئاستە و هاوڵاتی دەیەوێت لەڕێگەی پرسی ژینگەوە فشار لەسەر دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری دروستبکات".

قوباد تاڵەبانی 'هەستیاری و فشاردروستکردنی هاوڵاتییان" سەبارەت بە ژینگە بە خۆشحاڵی و گەشبینی ناودەبات و دەڵێت، "هیواخوازم هەموو کوردستان و عێراق بگرێتەوە".

لەدرێژەی وتارەکەیدا قوباد تاڵەبانی رەخنە لە سیستمی حوکمڕانیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێت و ئامەژە بەوەدەکات، "هەموومان ئاگاداری مەترسییە پێشبینیکراوەکانی گۆڕانی کەشوهەواین و ساڵانە راپۆرت و توێژینەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان هۆشداری روودانی کارەساتی گەورە و قەرەبوونەکراومان پێ دەدەن، کەچی سیاسەت و حکومڕانی ئێمە لە عێراق و کوردستاندا تا رادەیەکی زۆر بێباک بەلایدا تێپەڕ دەبێت."

جێگری سەرۆکی حکومەت بە نیگەرانییەوە باسی دۆخی ژینگەیی ناوچەکە دەکات و دەڵێت، "کۆچی ناچاری دەیان هەزار خێزان لە باشور و ناوەڕاستی عێراق، خێراتربوونی پرۆسەی بە بیابانبوون و لەناوچوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان، کەمکردنی مەترسیداری ئاوی سەر زەوی و ژێرزەوی و چەندین کارەساتی دیکە بە بەرچاوی هەمووانەوە روو دەدات و هەمووانیش کپ و بێدەنگ، وەک بڵێی ئەم کارەساتانە لە هەسارەیەکی تر روو دەدات"، داواشدەکات، "هاوڵاتی و کۆمەڵگای مەدەنی بە ئەندازەی پێویست فشار بکەن".

لە وتارەکەدا قوباد تاڵەبانی تێکچوونی ژینگە بە مەترسییەکی "گەورەتر لە تیرۆر" ناودەبات و دەڵێت، " تیرۆر قۆناغێکی راگوزەرە و تێپەڕ دەبێت، کەچی تێکچوونی ژینگە قەرەبوو ناکرێتەوە".

  لەبەشێکی دیکەی وتارەکەیدا قوباد تاڵەبانی هۆشداری لەبارەی مەترسییەکانی چەمی تانجەرۆ لە سلێمانی دەکات و باسلەوەدەکات، "کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاک پاشماوەی ژەهراوی لە تانجەرۆی سلێمانی، تەنها زیانی بۆ ژینگە و تەندروستی هاوڵاتییانی سلێمانی نییە، بەڵکو ئەو خۆڵ و خاشاکەی تانجەرۆ بووەتەهۆی پیسبوونی ئاوی رووباری تانجەرۆ کە دەڕژێتە ناو بەنداوی دەربەندیخان و لەوێشەوە مەترسییەکانی ئەم پیسبوونە لەڕێی رووباری سیروانەوە بەرەو ناوەڕاست و باشور دەڕوات".  

جێگری سەرۆکی حکومەت پەیامێک ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و دەڵێت، "بانگێهێشتیان دەکەم بۆ کۆنفڕانسێک. لەو کۆنفڕانسەدا بە دیاریکراوی هاوکات لەگەڵ کێشەی تانجەڕۆ، چەند شوێنی دیکەش لە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەستنیشان دەکەین و پلانی چارەسەرکردنیان بۆ دادەنێن تا لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا بودجەیان بۆ تەرخان بکرێت و پلانی چارەسەرکردنیان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".