وەزارەتى کشتوکاڵ: لەگەڵ دوو کۆمپانیاى خۆماڵى رێککەووتوین 500 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران بکڕنەوە

راوێژکارى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لەگەڵ دوو کۆمپانیاى خۆماڵى رێککەوتووین 500 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران بکڕنەوە.
رزگار حەمە محێدین، راوێژکارى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ی گوت، وەرگرتنى گەنمى جوتیاران لەلایەن سایلۆکانەوە 700 هەزار تۆنە ئەو بڕە دابەشکراوە بەسەر پارێزگاکاندا، بۆ سلێمانى 282 هەزار تۆن و هەولێر 227 هەزارو دهۆک 189 هەزار تۆنە".
ئاماژەى بەوەشکرد، دوای تەواوبوونى وەرگرتنى گەنمى جوتیاران لەلایەن سایلۆکانەوە، دوو کۆمپانیاى خۆماڵى گەنمى جوتیارانى هەرێمى کوردستان دەکڕنەوە.
گوتیشى، "بەگوێرەى ئەو رێککەوتنەى وەزارەتى کشتوکاڵ لەگەڵ ئەو دوو کۆمپانیا خۆماڵییە ئەنجامیداوە، بڕى 500 هەزار تۆن لە جوتیارانى هەرێمى کوردستان دەکڕنەوە، کە 150 هەزار تۆن لە سلێمانى و 200 هەزار تۆن لە هەولێر و 150 هەزار تۆنیشی لە دهۆک دەبێت".
ئەمە لەکاتێکدایە، بەرهەمى پێشنیارکراوى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان دوو ملیۆن تۆن دەبێت لەمساڵدا.