سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ: عێراق لە ریزبەندیی دووەم پیسترین وڵاتانی جیهان دایە

دیمەنی کەسێک لەناو خۆڵ و خاشاکدا لە پارێزگای سەڵاحەدین.

سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایدەکات، عێراق رۆژانە 23 ملیۆن تۆن خۆڵ و خاشاکی هەیە و لە ریزبەندیی دووەم پیسترین وڵاتانی جیهان دایە.

فازڵ عەزاوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "هەر هاوڵاتییەکی عێراقی، رۆژانە زیاتر لە دوو کیلۆ زبڵ بەرهەمدەهێنێت، بەمەش عێراق رۆژانە 23 ملیۆن تۆن خۆڵ خاشاک و زبڵی هەیە و دەبێتە هۆکارى پیسبوونی هەوا".

راشیگەیاندووە "بەگوێرەى لێکۆڵینەوەیەکی کۆمپانیای IQ AIRی سویسری، عێراق بۆ ساڵی 2023، لە ریزبەندی دووەم پیسترین وڵاتانی جیهان بووە".

بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکە، وڵاتی چاد لە پیسبوونی هەوادا لەریزبەندی یەکەمدا دێت و رێژەی پیسبوونی هەوای ئەو وڵاتە 89.7 میکرۆگرامە لە هەر مەتر چوارگۆشەیەکدا.

هەروەها عێراق لەریزبەندی دووەمدا دێت و پاکستان لە ریزبەندی سێیەم و بەحرەین لە ریزبەندی چوارەم و بەنگلادیش لە ریزبەندی پێنجەمدا دێت.

سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا لە عێراق زۆرن، بەڵام گرنگترینیان، زۆری خۆڵ و خاشاک و سووتاندنیان لەنزیک شارەکان و نەبوونی شوێنی تایبەت بە کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاک.