پسپۆڕێکی منداڵان چەند رێنماییەکی گرنگ بەو دایکوباوکانە دەدات کە تازە منداڵیان دەبێت

د. کامەران ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان

د. کامەران ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان  لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 باس لە باوترین گرفتەکانی تازەلەدایکبووان دەکات و چارەسەرەکانیان دەخاتەڕوو.

باوترین گرفتە تەندروستییەکانی تازەلەدایکبووان کامانەن؟

د. کامەران ئەحمەد دەڵێت باوترین گرفتەکانی تازەلەدایکبووان خۆیان لە سێ حاڵەتدا دەبیننەوە؛ "هەناسەتوندیی منداڵی نەبەکام، زەردوویی و گریانی سێ مانگیی منداڵ باوترین گرفتی کاتی لەدایکبوون و چەند هەفتەیەکی پاش لەدایکبوونن".

هەناسەتوندی منداڵان چییە و چۆن چارەسەردەکرێت؟

د. کامەران ئەحمەد سەرەتا باسی لە گرفتی هەناسەتوندی کرد و گوتی ئەم گرفتە زیاتر لەو منداڵانەدا هەیە کە بە نەبەکامی لەدایکدەبن و سییەکانیان گەشەی بەتەواوی گەشەی نەکردووە، یان گرفتێکی زگماکیی سی و دڵیان هەیە. د. کامەران گوتی کە مەرج نییە تەنیا ئەوانەی تووشی هەناسەتوندی دەبن تەنیا منداڵانی نەبەکام بن و گوتی "گرفتێکی دیکە هەیە کە پێی دەگوترێت هەناسەتوندیی کاتی و لەو منداڵانەدا روودەدات کە تا رادەیەک کاتی نەبەکامییان تەواوکردووە، ئەم گرفتە مەترسیدار نییە پاش ماوەیەک لە چاودێریکردن منداڵەکە خۆی چاکدەبێتەوە".

سەبارەت بە چارەسەرکردنی هەناسەتوندیی تازەلەدایکبووان، پسپۆڕەکە گوتی "خۆشبەختانە چارەسەری هەموو گرفتەکانی هەناسەدان لە هەرێمی کوردستان هەیە، چارەسەر بەگوێرەی حاڵەتی منداڵەکە دەکرێت، بۆ نموونە ئەگەر منداڵەکە نەخۆشییەکی زگماکیی وەکو گرفتە زگماکییەکانی دڵ و سییەکانی لەگەڵدابێت، ئەوا چارەسەری قورسە، بەڵام کاتێک تازەلەدایکبووەکە تەنیا گرفتی هەناسەدانی هەبێت، ئەوا پاڵپشتیی هەناسەدانی دەکرێت یان هەناسەدانی دەستکردی بۆ دادەنرێت".

زەردوویی چییە؟ هەموو کاتێک ئاماژەیە بۆ نەخۆشی؟

د. کامەران باسی لە گرفتی دووەم کرد کە زەردووییە و گوتی یەکێکە لە گرفتە زۆر بڵاوەکانی تازەلەدایکبووان؛ "نزیکەی 60% بۆ 90%ـی تازەلەدایکبووان تووشی زەردوویی دەبن، بەڵام خۆشبەختانە زۆرجار هۆکارەکەی فیزیۆلۆجییە و تەنیا چاودێریکردنی دەوێت و پێویستی بە چارەسەر نییە".

پسپۆڕەکە هۆکاری زەردوویی فیزیۆلۆجی روونکردوە و گوتی چەند هۆکارێکی هەیە، لەوانە: منداڵی تازەلەدایکبوو خوێنیان زۆرە و تەمەنی خڕۆکەسوورەکان کەمە، ئەمەش وادەکات زوو تێکبشکێن و ماددەی بیلیروبین(هۆکاری دروستبوونی زەردوویی) لە خوێندا زۆربێت و منداڵەکە تووشی زەردوویی ببێت. د. کامەران گوتی هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە جگەر بەتەواوی گەشەی نەکردووە و ناتوانێت بڕێکی زۆری بیلیروبین فڕێبدات و ئەمەش وادەکات ماددەکە زیاتر کۆببێتەوە و ببێتەهۆی زەردوویی.

سەبارەت بە هۆکارە جدییەکانی زەردووی پسپۆڕەکە گوتی "زەردوویی یەکەم رۆژ هەموو جارێک نەخۆشییە و پێویستە چارەسەر بکرێت". د. کامەران گوتی هۆکارەکانی دەکرێت بۆ هەوکردن، نەگونجانی جۆری خوێن و چەند نەخۆشییەکی دیکەی خوێن بن و پێویستە زوو لە نەخۆشخانە چارەسەربکرێن.

د. کامەران ئەحمەد باسی لە چارەسەرەکانی زەردوویی کرد و گوتی، چارەسەری زەردوویی لەڕێگەی رووناکییەوە دەکرێت کە چارەسەرێکی ئاسانە، ئەو رووناکییەی بەکاردەهێنرێت تیشکێکی تایبەتە و وەکو گڵۆپ و رووناکیی دیکە نییە؛ "هەرچۆن بێت دەبێت ئەو تازەلەدایکبووانەی زەردووییان هەیە لە نەخۆشخانە چارەسەر وەربگرن، چونکە لە سەرەتاوە چارەسەرەکەی ئاسانە، بەڵام ئەگەر گرفتەکە تەشەنەبکات لەوانەیە منداڵەکە پێویستی بە چارەسەری گۆڕینەوەی خوێن ببێت".

زۆرجار زەردوویی منداڵ تەنیا بە تیشک چارەسەردەکرێت

پسپۆڕەکە لەگەڵ باسکردنی چارەسەرەکاندا ئاماژەشی بە هەندێک هەڵەتێگەیشتنی باو کرد سەبارەت بە چارەسەرکردنی زەردوویی؛ "شەکراو چارەسەری زەردوویی ناکات، بەڵکو دەکرێت زەردووییەکە خراپتربکات، چونکە شەکراو دەبێتەهۆی ئەوەی کە منداڵەکە زیاتر میز بکات و ئەمەش دەبێتەهۆی وشکبوونەوە و بارودۆخی منداڵەکە زیاتر تێکدەچێت"،

شەکراو چارەسەری زەردوویی ناکات، بەڵکو دەکرێت زەردووییەکە خراپتربکات

د. کامەران ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان

د. کامەران گوتیشی کە هەندێک کەس لەوانەیە هەنگوین بدەن بە منداڵەکەیان؛ " بە هیچ شێوەیەک نابێت هەنگوین بە منداڵی خوار یەک ساڵ بدرێت، چونکە هەنگوین جۆرە میکرۆبێکی تێدایە کە سیستمی هەرسی منداڵ توانای لەناوبردنی نییە و ئەگەر تێیدابێت لەوانەیە کوشندەبێت". پسپۆڕەکە گوتی نابێت دایکوباوکان لە خۆیانەوە هیچ دەرمانێک بۆ زەردوویی بەکاربهێنن، تەنانەت ئەگەر ویستیان دەرمانی پاراسیتامۆڵ بدەن بە منداڵەکانیان، ئەوا  دەبێت لەژێر رێنمایی پزیشکدابێت، چونکە ئەو منداڵانەی زەردووییان هەیە دەبێت بڕێکی کەمتر لە دەرمانەکە بەکاربهێنن.

زۆرگریانی منداڵ یان باژەڵە چییە؟

پسپۆڕەکە سەرەتا باسی گریانی منداڵی کرد و گوتی، گریانی منداڵ هۆکارێکی پەیوەندییە و لەم رێگەیەوە منداڵ پەیوەندی لەگەڵ چواردەوری خۆیدا دروستدەکات، "لەم رێگەیەوە منداڵ باس لەو هۆکارانە دەکات کە بێزاری دەکەن، لەوانە: ئازار، برسێتی، سەرما، گەرما و تیشکی زۆر".

سەبارەت بە گریانی سێ مانگی یان باژەڵە ، پسپۆڕەکە وتی ئەم جۆرە گریانە پاش چەند هەفتەیەک دەستپێدەکات و بە ئێوارەدا زیانە؛ "باژەڵە هۆکارێکی دیاریکراوی نییە، بەڵام بەگشتی بێزیانە و ئەو منداڵانەی گرفتەکەیان هەیە پاش چەند مانگێک چاکدەبنەوە و نەخۆشییەکە هیچ لێکەوتێکی نەخوازراوی نییە". پسپۆڕەکە باسی لە هۆکارەکانی ئەم حاڵەتە کرد و گوتی کە تاوەکو ئێستا هۆکارێکی دیاریکراوی نییە بەڵام دەگوترێت لەوانەیە هۆکارەکەی بۆ پێنەگەیشتنی کۆئەندامی هەرسی منداڵەکە بگەڕێتەوە.

باژەڵەی منداڵ یاخود کۆلیک، بریتییەلە گریانی زۆر، توند و درێژخایەنی منداڵی ساوا. زۆرجار لەنێو خەڵکیدا بە (غازاتی منداڵ) ناودەبرێت، هەرچەند ناوەکە هەڵەیە و هۆکاری گریانەکە باکردن نییە، ئەم دۆخە بۆ دایکوباوکان ناخۆشە و دەبێتە هۆی نیگەرانییان. لەبەر ئەوەی گریانی منداڵەکە لە ئێواران و شەواندا - کە کاتی پشوودانی دایکوباوکانە - زۆرترە، زیاتر ماندوو دەبن بە ئارامکردنەوەی منداڵەکەیان. کاتێک منداڵەکە لە رۆژێکدا سێ کاتژمێر زیاتر دەگری، ئەم گریانەش لە سێ رۆژ زیاتر لە هەفتەیەکدا و بۆ ماوەی سێ هەفتە زیاتر دووبارە دەبێتەوە؛ ئەوا منداڵەکە بە هەبوونی باژەڵە دەستنیشان دەکرێت.

کاتێک منداڵەکە لە رۆژێکدا سێ کاتژمێر زیاتر دەگری، ئەم گریانەش لە سێ رۆژ زیاتر لە هەفتەیەکدا و بۆ ماوەی سێ هەفتە زیاتر دووبارە دەبێتەوە؛ ئەوا منداڵەکە بە هەبوونی باژەڵە دەستنیشان دەکرێت.

د. کامەران گوتی سەرەتا باژەڵە لە نەخۆشییەکانی دیکە جیادەکرێتەوە بەوەی کە هیچ نیشانەیەکی دیکەی لەگەڵدا نییە، لەوانە: تێکچوونی ئاگایی و هۆشی منداڵەکە، گۆڕانی رەنگی پیسایی و میز، تایەکی بەرز یان سکچوون. پسپۆڕەکە گوتی ئەو منداڵانەی باژەڵەیان هەیە کاتێک باوەشدەکرێن ژیردەبنەوە، بەڵام ئەو منداڵانەی هەوکردنی مێشک و دەماریان هەیە کە باوەشدەکرێن یان دەجووڵێنرێن زیاتر دەگرین و بارودۆخیان تێکدەچێت.

د. کامەران باسی لە چارەسەرەکانی باژەڵە کرد و گوتی "جاران پێستی سکی منداڵان بە مووس دەبڕرا، گوایە ئەمە بای ناو سکی منداڵەکە دەردەکات، ئەمە هەڵەیەکی زۆر گەورە بووە کراوە و بە هیچ شێوەیەک چارەسەری گرفتی منداڵەکەی نەکردووە، بەڵکو بووەتەهۆی ئازارێکی زۆر و هەندێجاریش هەوکردنی توندیش کە کوشندە بووە، خۆشبەختانە ئێستا خەڵک هۆشیارییان زیادیکردووە و زۆر بە کەمی ئەم چارەسەرە بەکاردەهێنن".

لەبارەی ئەو چارەسەرانەی کە لەڕووی زانستییەوە رێگەپێدراون، بریتین لە دڵنیاکردنەوەی دایکوباوکان بەوەی کە گرفتەکە بێزیانە و دەتوانن چەند تەکنیکێکی تایبەت بۆ کەمکردنەوەی گریانی منداڵەکانیان بەکاربهێنن؛ "راژەنینی منداڵ و لەباوەشگرتنی منداڵ، منداڵەکان گوێیان لە دەنگێکی بەردەوام یان موزیکێکی ئارام بێت، یان شتێکیان بۆ بخوێنرێتەوە، تەنانەت هەندێک جار ئەو منداڵانەی باژەڵەیان هەیە بە دەنگی گسکی کارەبایی ژیردەبنەوە ، هەروەها هەندێک دڵۆپ هەن کە پزیشک دەیاننوسێت کە یارمەتیی منداڵەکە دەدات و ئازاری کەمدەکاتەوە".

هەندێک جار ئەو منداڵانەی باژەڵەیان هەیە بە دەنگی گسکی کارەبایی ژیردەبنەوە

د. کامەران ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان