/

ئیدارەی راپەڕین رێگەیەکی بەسەرچوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پاشماوەکان بەکاردەهێنیت

کۆبوونەوەی پاشماوەکان لە دەروازەی راپەڕین

لە ئیدارەی راپەڕین تاوەکو ئێستا خۆڵ و خاشاک و پاشماوەکان بەڕێگەی نازانستی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و تەندروستیی شارەکەش دەڵێت ئەمە هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان.

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی پەیامنێری کەناڵ8، دالیا جەمال، لە ئیدارەی راپەڕین رۆژانە نزیکەی 400 تۆن پاشماوە فڕێدەدرێت و نزیکەی 100 تۆنی لە سەنتەری ئیدارەکە، شاری رانیەوە دێت. ئەو پاشماوانە، لە نزیک دەروازەی راپەڕین کۆدەکرێنەوە؛ بەجۆرێک کاتێک گەشتیاران روو لە شارەکە دەکەن، یەکەمین دیمەن کە دەیبینن، دیمەنی پاشماوەکانە.

بۆ چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاک، ئیدارەکە پشت بە دوو رێگە دەبەستێت، یەکێکیان ژێرخاککردنە و ئەوەی دیکەیان سوتاندنی پاشماوەکان، کە هەردوو رێگەکە بەگوێرەی پێوەرە زانستییەکان زیانیان بۆ ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ هەیە و ساڵانێکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان پشتیان پێنابەسترێت.

تەها محەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی راپەڕین، بە کەناڵ8ی راگەیاند کە ئەو شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پاشماوەکان "هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان و نەخۆشییەکانی هەناسە و سییەکان"

لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8دا سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە، بەرهەم رەسووڵ، سەرۆکی شارەوانیی رانیە بە کەناڵ8ی راگەیاند "ماوەی چەند ساڵێک لەمەوپێش بڕیاردرا کارگەی ریسایکلینگ لە رانیە بکرێتەوە، دواتر بەهۆی چەند گرفتێکەوە ئیشی کارگەکە وەستا. بەڵام ئێستا هەوڵ هەیە کە دووبارە دەستبکرێتەوە بە دروستکردنی کارگەکە، بەمەش کێشەی خۆڵ و خاشاک بەتەواوی لە ئیدارەکە چارەسەردەبێت.

ئەم شێوازەی مامەڵەکردن لەگەڵ پاشماوەکان، هەر تەنیا گرفتی رانیە نییە، بەڵکو لە زۆرینەی شارەکانی کوردستاندا بەم شێوازە مامەڵە لەگەڵ پاشماوەکان دەکرێت و ئەمەش وایکردووە کە هەم دیمەنێکی نامۆ بە شوێنەکە ببەخشێت، هەمیش زیانی ژینگەیی و تەندروستی هەبێت.