پێنج کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی ساختەکارییان لە بەڵگەی کوالێتیی ئۆتۆمبێلەکانیاندا کردووە

پێنج کۆمپانیای گەورەی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە ژاپۆن، ساختەکارییان لە بەڵگەی کوالێتیی ئۆتۆمبێلەکانیاندا کردووە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوە حکومەتی ژاپۆن سەرلەنوێ بەکار و بەڵگەی کۆمپانیاکاندا بچێتەوە.
وەزارەتی گواستنەوە و رێگاوبانی ژاپۆن رایگەیاندووە، کۆمپانیاکانی تۆیۆتا، هۆندا، سوزوکی، مازدا و یاماها لە بەڵگەکانی ئەنجامی کوالیتیی تاقیکردنەوەکان بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی دروستکردن بۆ چەند مۆدێلی ئۆتۆمبێل، ساختەکارییان کردووە.
ئاماژە بەوەدەکرێت، لە 25 پاکێجی تاقیکاریی بوارە جیاجیاکان بۆ کوالێتیی ئۆتۆمبێل، 174 ساختەکاریان کردووە، بۆیە وەزارەتی گواستنەوە و رێگاوبانی ژاپۆن فەرمانی دەرکردووە، پێداچوونەوە بەکار و بەڵگەی کۆمپانیاکانی بواری دروستکردنی ئۆتۆمبێلدا بکات.
وەزارەتەکە فەرمانی بەهەر یەک لەو کۆمپانیانە کردووە، کاری دروستکردنی ئەو مۆدێلانە رابگرن، کە ساختەکاری لە تاقیکردنەوەکانیاندا کراوە.
کۆمپانیای تویۆتا لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی ناوخۆیدا دەرکەوتووە، هەندێک ناهەماهەنگی لە دروستکردنی حەوت مۆدێلی ئۆتۆمبێلدا هەیە، کە سێ مۆدێلیان لە ناوخۆی ژاپۆن و چوار مۆدێلی دیکەیان لە دەرەوەی ژاپۆن دروست دەکرێن، ئاماژەی بەوەشکردووە، فرۆشتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی راگرتووە کە لە ژاپۆن دروست دەکرێن.
بەگوێرەی راگەیاندراوەکەی تۆیۆتا، "ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەی ئەو مۆدێلانە گونجاو نەبوون لەگەڵ ستانداردەکانی دەوڵەت بۆ پشکنین و تاقیکردنەوە".
هاوکات، کۆمپانیای هۆندا رایگەیاندووە، لە تاقیکردنەوەی هێز و دەنگی بزوێنەردا هەندێک هەڵە روویداوە.
کۆمپانیاکانی تۆیۆتا و هۆندا رایانگەیاندووە، سەرەڕای دەرکەوتنی ئەو ساختەکارییانە بەڵام ئۆتۆمبلێلەکانیان کوالێتیی پێویستیان هەیە و پێویست ناکات بیاگەڕێننەوە بۆ کۆمپانیاکانیان.
ساڵی رابردووش کۆمپانیای دایهاتسو بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل، کە لە ژێر چەتری تۆیۆتادا کار دەکات، بەهۆی ساختەکردنی ئەنجامی پشکنین و تاقیکردنەوەکان بۆ کوالێتیی ئۆتۆمبێلەکان، کارەکانی بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک راگیرابوو.
وەزارەتی گواستنەوە و رێگاوبانی ژاپۆن رایگەیاندووە، ئەو جۆرە ساختەکاریانە زیان بە متمانەی بەکارهێنەران و پێدانی مۆڵەتی هەناردەکردن دەگەیەنێت.