وەزارەتى کشتوکاڵ هاوردەکردنى چەند بەرهەمێکى دەرەکى قەدەغە دەکات

گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند "وەزارەت بڕیارێکى بۆ قەدەغەکردنى کۆمەڵێک بەرهەمى میوە و سەوزە دەرکردووە و باجیشى خستۆتەسەر ئەو بەرهەمانەى لەناوخۆدا هەیە، لە کاتێکدا بەشى پێداویستى ناوخۆ ناکەن".
هیوا عەلى، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى گوت "لەسەرەتاى مانگى حوزەیرانى هەموو ساڵێک بەرهەمى وەرزى هاوینە لە ناوخۆدا پێدەگات، کە 24 جۆر بەرهەمى سەوزەو میوەن، وەزارەتى کشتوکاڵ، هاوردەکردنى بەرهەمى سەوزە گەڵادارەکان و چەند بەرهەمێکى دیکە قەدەغە دەکات، هەروەها باجى خستۆتەسەر چەندین بەرهەمى دیکە، بە ئامانجى ئەوەى بەروبومى جووتیاران لەناوخۆدا ساغببێتەوە".
ئاماژەى بەوەش کرد "ئەو بەرهەمانەى هاوردەکردنیان قەدەغەکراوە لەگەڵ ئەو بەرهەمانەى باج دەخرێتە سەریان بۆ ئەوەیە جووتیارانى هەرێمى کوردستان بەرهەمە ناوخۆییەکانیان ساغببێتەوە".
گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ روونیکردەوە "لە بەرهەمى تەماتە خۆبژێویمان بەدەستهێناوە، لە وەرزى هاوین رەوانەى ناوەڕاست و باشوورى عێراق دەکرێت".