پۆرتوگال رووبەڕووی کرواتیا دەبێتەوە

test

ئەمشەو لە یاریی دۆستانە ئامادەکارییەکان پێش دەستپێکردنی پاڵەوانییەتی یۆرۆی 2024، هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە یارییەکی ئاگریندا رووبەڕووی هەڵبژاردەی کرواتیا دەبێتەوە، کە هەردوو هەڵبژاردەکە پاڵێوران بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی یۆرۆی داهاتوو.

رۆبەرتۆ مارتینێزی راهێنەری پۆرتوگال لەوکاتەوەی ئەرکی راهێنانی وڵاتەکەی گرتووەتە دەست تەنیا لەیەک یارییدا دووچاری شکستبووە و 12 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام ئامانجی راهێنەرەکە زۆر لەوە زیاترە و بەباشی دەزانێت بەدەستهێنانی دووەمین ناسناوی پاڵەوانییەتی یۆرۆ بۆ پۆرتوگال هەروا ئاسان نابێت، لەبەرئەوە پێویستە لەلوتکەی ئاستیاندا رکابەری هەڵبژاردەکانی دیکە بکەن، کە لەدوایین یاریی دۆستانەدا بردنەوەیان بەرامبەر فینلەندا بەدەستهێنا.

مارتینێز بەپێکهاتەیەکی تێکەڵ لە یاریزانە بەئەزمون و لاوەکان دەیەوێت نمونەیەکی بەهێزی پاڵەوانییەتیەکەبێت، کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی هەڵبژاردەکە بۆ دوایین جار بەشداری لە یۆرۆ دەکات و ئامانجی دووبارەکردنەوەی ئەو دەستکەوتەیە، کە پێشتر بۆ وڵاتەکەی بەدەستیهێنا.

پۆرتوگال لەدوایین حەوت رووبەڕووبونەوەی بەرامبەر کرواتییەکان دووچاری هیچ شکستێک نەبووە، بەڵام دەبێت ئەوەش رەچاوبکرێت، کە لۆکا مۆدریچ و هاوڕێکانی لەدوایین پێنج یاریی خۆیاندا جگە لە سەرکەوتن هیچ ئەنجامێکی دیکەیان بەخۆیانە نەبینیوە.

زلاتکۆ دالیچ، راهێنەری کرواتیا متمانەیەکی زۆری بە تیپەکەی هەیە تاوەکو لە یۆرۆی 2024 ئەنجامێکی شایستە بەدەستبهێنن، کە لە حەوت ساڵی رابردوودا رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە پاڵەوانییەتیە کیشوەریی و جیهانییەکاندا، کاتێک لە مۆندیالی 2018 و نەیشنزلیگی 2023 گەیشتە یاریی کۆتایی، بەڵام نەیتوانی هیچ ناسناوێک بەدەستبهێنێت.

loading....